ناس کورد-
هاوپەیمانێتی سائیرۆنی موقتەدا سەدرڕایگەیاند، هەموو هەوڵێکی دواخستنی هەڵبژاردنەکانی حوزەیرانی داهاتوو بە توندی ڕەت دەکەنەوە و دەڵێت، هەڵبژاردنەکانی داهاتوو دەرفەتێکی لەبار دەڕەخسێنێت بۆ گۆڕنکاریی سیاسی.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
سەلام شەمەری، پەرلەمانتاری هاوپەیمانێتی سائیرۆنی سەر بە موقتەدا سەدر لە ڕاگەیەندراوێکدا کە وێنەیەکی دەست "ناس کورد" کەوتووە (29ی کانونی یەکەمی 2020) ڕایگەیاند، "هەندێک لایەن لە هەوڵی ئەوەدان خۆیان لە داوکارییەکانی جەماوەر بدزنەوە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی پێشوەختە، کە بڕیارە لە حوزەیرانی ساڵی داهاتوودا ئەنجامبدرێت".
ئاماژە بەوەشکراوە، "هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا دەرفەتێکی لەبار و گونجاو بۆ گۆڕانکاریی سیاسی لە عێراق دەڕەخسێنیت، کە داواکاریی زۆربەی هێزە نیشتیمانییەکانە، بۆیە هاوپەیمانێتی سائیرۆن بە تووندی ڕووبەڕووی هەرهەوڵێکی دواخستنی هەڵبژاردنەکان لە وادەی دیاریکراوی خۆی دەوستێتەوە".
مانگی ئابی ڕابردوو مستەفا کازمی ، سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕۆژی شەشی حوزیرانی 2021 دیاریکرد بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق، دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردنەکان یەکێک بوو لەو بەڵێنانەی کەکازمی پێشتردابووی لە کارنامەکەیدا بۆوەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق.