ناس کورد-
ناس کورد پڕۆژەى بودجەى 2021ى عێراق بڵاودەکاتەوە کە ئەمرۆ گەیشتە پەرلەمانى عێراق.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەپێی پڕۆژەکە کە وێنەیەکى دەست "ناس کورد" کەوتووە، حکومەتى هەرێم پابەندە بە رادەستکردنى 250 هەزار بەرمیل نەوت بە نرخى سۆمۆ لەگەڵ رادەستکردنى بەرهەمى نەوتى و نانەوتى بۆ خەزێنەى گشتى. ئەوەى دەمێنێتەوە لە نەوتى بەرهەمهێنراوى هەرێم بۆ بەکارهێنانى ناوخۆیە، لەگەڵ حەقدەستى بەرهەمهێنان و گواستنەوە.
لەماددەیەکى تردا ئاماژە بەوەکراوە، هەرێم پابەندە بەپێدانى شایستەى دارایی پێشمەرگە لەو بڕە پارانەى بۆى دادەنرێت لە بودجە، لەگەل قەرەبووکردنەوەى فەرمانبەران.
هەروەها تێیدا هاتووە، ئەگەر هەرێم پابەندنەبوو وەزارەتى دارایی فیدراڵى بەپێی یاساى ئیدارەى دارایی ژمارە شەشى 2019 بڕى دیاریکراو دەبڕێت لە بودجەى هەرێم بەپێی بەندى یەک و دوو.
هەر بەپێی پڕۆژەکە، حکومەتى هەرێم داتاى پێویست لەبارەى قەرز و پابەندییەکانى بەهۆى پچڕانى بەشە بودجەیەوە لەنێوان 2014-2019 پێشکەش دەکات بە وەزارەتى دارایی فیدراڵى لەماوەیەکدا کە لە 30 رۆژ زیاتر نەبێت پاش پەسەندکردنى یاساکە.
ئەو داتایانەى حکومەتى هەرێم پێشکەشیدەکات لەلایەن لیژنەى هاوبەشەوە پێداچونەوە پێدا دەکرێت، کە پێکدێن لە دیوانى چادێرى دارایی هەردولا، لەماوەیەکدا کە لە 90 رۆژ زیاتر نەبێت لە بەروارى جێبەجێکردنى بودجەوە.
بەپێی پڕۆژەکە، وەزارەتى دارایی فیدراڵى لەبەر رۆشنایی ئەو پێداچونەوەیە، رێوشوێنى پێویست دەگرێتە بەر بۆ پاکتاوکردنى قەرز و پابەندییە داراییەکان بەپێی قیستى ساڵانە.
هەروەها وەزارەتى دارایی فیدراڵى لەسەرەتاى ساڵى داهاتوو قەرزەکانى بانکى بازرگانى عێراقى لەسەر هەرێم دەکاتە قیست بۆ ماوەى 10 ساڵ.
لە پڕۆژەکەدا باس لەوەکراوە، پشکى هەرێم لەکۆى خەرجى فیعلى دیاریدەکرێت بەپێی ژمارەى دانیشتوانى هەر پارێزگایەک، پاش لێدەکردنى خەرجییە سیادییەکان.