گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڕەوانەى پەرلەمان دەکرێت

ئاماده‌كردنی پڕۆژه‌ى بودجەی هه‌رێم ’’لەقۆناغی کۆتاییدایە’’

2020.12.28 - 18:48
App store icon Play store icon Play store icon
ئاماده‌كردنی پڕۆژه‌ى بودجەی هه‌رێم ’’لەقۆناغی کۆتاییدایە’’

ناس کورد-

قوباد تاڵەبانى، جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێم ڕایگەیاند، ئامادەکردنى پڕۆژەیاسای بودجەى هەرێم لە قۆناغى کۆتاییدایە و بەمنزیکانە ڕەوانەى پەرلەمانى دەکەن.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەپێی ڕاگەیەنراوێکى پەرلەمانى کوردستان (28ی کانوونی یەکەمی 2020) کە وێنەیەکى دەست "ناس کورد" کەوتووە، قوباد تاڵەبانى لە کۆبوونەوەى شاندى هەرێم و پەرلەماندا ئاشکرایکردووە، ‌ئاماده‌كردنی پڕۆژه‌ یاساى بودجەی هه‌رێم لەقۆناغی کۆتاییدایەو لەداهاتوویەکی نزیکدا دوای ته‌وابوونی ڕێكاره ‌یاساییه‌كانی ئاڕاسته‌ی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كرێت به ‌مه‌به‌ستی ‌گفتوگۆكردن و په‌سندكردنی.

 

وتیشی، "حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆر جدییە لەسەر جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی".

 

قوباد تاڵەبانى باسى لەوەشکرد، "لەسەر بودجەی گشتی 2021ی عێراق، لەگەڵ حکومەتی عێراق رێککەوتووین و 12.67% وەک بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان جێگیر کراوه‌ته‌وە، ئێستا چاوەڕێین رێککەوتنەکە لە پەرلەمانی عێراق تێپەڕێنرێ و جێبەجێ بکرێت".

 

ئاماژەی بەوەشکرد، لە گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدا باسیان لە ‌پابە‌ندبوون بە‌‌یاسای کورتهێنانی دارایی كردە‌ووە، سە‌بارە‌ت بە ‌پڕۆژە‌یاسای بودجە‌ش هەرێم ئامادەیی خۆی دەربڕیوە مانگانه‌ 250 هەزار به‌رمیل نەوت له‌ڕێگه‌ی کۆمپانیای سۆمۆوه ھە‌نارد بكرێت .

هه‌ر له ‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا جێگرى سه‌رۆكی حكومه‌ت وتى، "حكومە‌تی ھە‌رێم مه‌به‌ستی سه‌ره‌كیى دانوستانه‌كانی رێككە‌وتنە‌ لە‌گە‌ڵ حكومە‌تی عێراق و جێبە‌جێكردنی پڕۆژە‌یاسای بودجە‌ی (2021)ه، ئە‌وە‌ بژاردە‌ی سە‌رەكیمانە و دەخوازین سەرجەم کێشەکان لە چوارچێوەی دەستووردا چارەسەر بکرێن".


لاى خۆیەوە، هێمن هه‌ورامی، جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان هیوای خواست په‌له‌ بكرێت له‌ناردنی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ى هه‌رێم بۆ په‌رله‌مان و هه‌روه‌ها له ‌ناردنی راپۆرته‌كانی تایبه‌ت به‌جێبه‌جێكردنی یاسای چاكسازی.

وتیشی، "ئێمه‌ وه‌كو سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان به‌ به‌یانێك كۆتایى وه‌رزی پایزه‌ى ساڵی دووه‌می خولی پێنجه‌م له‌چه‌ند رۆژی ئاینده‌ ڕاده‌گه‌یه‌نین، وه‌كو ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی بڕیارمان ئه‌وه‌یه‌ له‌دوای 2020/1/3 و به‌پێی ماده‌ى (8) له‌په‌یڕه‌وی ناوخۆ چه‌ند دانیشتنێكی نائاسایی بكه‌ین له‌سه‌ر به‌شێك له‌و ئه‌ركانه‌ى كه‌ له‌م وه‌رزه‌دا مابوونه‌وه‌".