ناس كورد-
كادرێكی پێشكەوتووی بزوتنەوەی عەسایب دووەم میلیشیای شوێنكەوتووی ئێران رووبەڕووی تۆمەتی هێرشكردنە سەر ناوچەی سەوز و فڕۆكەخانەی بەغدا كراوەتەوە، لەم كاتەشدا ئاژانسە ئێرانییەكان هەواڵی سەردانی شاندێكی عێراقییان ئاشكراكرد بۆ تاران كە پەیامێكی تایبەتی كازمی دەگوازێتەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەپێی راپۆرتێكی ماڵپەڕی رۆژنامەی ئەلمەدا كە "ناس كورد" بەدواداچوونی بۆ كردووە، ئەمە دووەمجارە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران بێدەنگی بەرامبەر گروپە چەكدارەكان بشكێنێت و راستەوخۆ تۆمەتباریان بكات بە هێرشكردنە سەر ناوچەی سەوز كە جگە لە تێكدانی ئاسایشی باڵیۆزخانەكان كوشتن و برینداربوونی 10 كەسی لێ كەوتووەتەوە.
سەركردەكەی عەسایب كە ویسام زریجاوییە و ئێستا لای دەزگا هەواڵگرییەكانی عێراق دەستبەسەرە، بەرپرسی كەتیبەی موشەكەكانە لە ناو بزوتنەوەی عەسایب كە قەیس خەزعەلی سەرۆكایەتی دەكات و لەدوای كەتیبەكانی حیزبوڵڵا نزیكترین گروپی چەكدارە لە سوپای پاسدارانی ئێرانییەوە.
دوو سەرچاوەی رۆژنامەوانی جیا كە "ناس كورد" بەدواداچوونی بۆ كردووە (27 كانونی یەكەمی 2020)، جەخت لەوە دەكەنەوە لێكۆڵینەوەكان دەریانخستووە درز و كەلێنی زۆر لەو بازنە ئەمنییانەدا هەبوون كە لە پایتەخت دانرابوون بۆ پاراستنی شوێنە گرنگەكان لە هێرشی موشەكی، ئەمەش پاڵی بەحكومەتەوە ناوە كە هەندێك ئەفسەر بەتۆمەتی تێوەگلان لە هێرشەكان دەستگیر بكات.
سەرچاوەكانیش ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن نێوانگری مالیكی و هادی عامری و قاسم ئەعرەجی لە ئاسایشی نیشتمانی لێكگەیشتنێكی لێ كەوتووەتەوە بۆ گواستنەوەی ویسام زریجاوی بۆ جێگایەكیتر بەر لەوەی بە ئاسایشی حەشدی شەعبی بسپێردرێت، بەڵام هێشتا چارەنووسی سێ دەستگیركراویتری هاورێی دیار نییە، لەلای خۆشییەوە وەزارەتی ناوخۆ هەبوونی رێككەوتنی وا رەت دەكاتەوە.
ئەپی نوێی ناس کورد دابەزێنە بۆ بینینی بەپەلە و هەواڵەکان: بۆ ئایفۆن - بۆ گالاکسی - بۆ هواوى
لە پێشهاتێكی چاوەڕوان كراویشدا دوێنێ شەممە كەتیبەكانی حیزبوڵڵا هێرشی توندیان كردە سەر مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران و هەڕەشەیەكیان بەكارهێنا كە فیداییەكانی سەدام پێشتر پیادەیان كردووە (گوێ بڕین).
بەدوای ئەم پەرەسەندنەشدا ئاژانسە ئێرانییەكان لەزاری میدڵ ئێست نیوزەوە بڵاویانكردەوە كە شاندێكی تایبەتی عێراقی بەسەرۆكایەتی ئەبو جیهاد هاشمی بەرپرسی پێشووی ئۆفیسی عەبدولمەهدی ئەمڕۆ (27 كانونی یەكەمی 2020) پەیامێكی تایبەتی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەگەیەننە تاران بەبێ ئەوەی ناوەڕۆكەكەی ئاشكرا بكەن.
لەلای خۆشییەوە رۆژنامەی ئەلعەرەبی چاپی لەندەن لە زاری چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە باسی لەوە كردووە، ئەوەی ئێستا لە بەغدا ڕوودەدات نمایشی هێزی ئێرانە بۆ ئەوەی خۆی بە بەهێز دەربخات بەر لەوەی جۆ بایدن لە 20 كانونی یەكەمی ساڵی داهاتوو لەسەر كورسی سەرۆكایەتی ئەمەریكا دابنیشێت، هەروەها بۆ ئەوەشە "تاران هێڵە سوورەكانی خۆی بە ئیدارەی نوێی ئەمەریكا بڵێت".