ناس کورد-
لاهور شێخ جەنگى هاوسەرۆکى یەکێتى رایگەیاند، نەبوونی دەسەڵاتی بڕیاردان لە ڕابردوودا بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا و دواخستنی دانوستانەکان، ئاسۆی ڕێککەوتنەکانی ناڕوون و قورستر کردووە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەو وتانەى لاهور شێخ جەنگى ئەمڕۆ (27ى کانوونى یەکەمى 2020) لەمیانەى سەردانێکیدا هات بۆلاى کەسوکارى قوربانیانى خۆپیشاندانەکانى سەیدسادق، کە تێیدا جەختیکردەوە "کەسانی بەرژەوەندیخواز بۆ تێکەڵکردنی مەرامەکانیان" بە داوای حەق و ڕەوای خۆپیشاندەران، خۆیان خزاندە ناو خۆپیشاندەران و گرژیی و ئاڵۆزییان دروستکردووە.
لاهور شێخ جەنگى لە لاپەڕەى خۆى لە فەیسبوک کە "ناس کورد" بینیویەتى نوسیویەتى، "نیگەرانین لە خەمساردی حکومەت لە ئاست دابینکردنی موچەی مووچەخۆران و ژیانێکی شایستە بۆ هاووڵاتییانی".
داواشیکردووە، حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ دۆخی ئێستای هاووڵاتییان لەبەرچاو بگرن و بگەنە رێککەوتنی یەکلاکەرەوە بۆ دابینکردنی شایستە داراییەکانی هەرێم لە بودجەی ساڵی ٢٠٢١.
لاهور شێخ جەنگى جەختیکردووەتەوە، کە وەک سەرۆکایەتیی یەکێتیی "دەستەوەستان نابن" و لە هەوڵی فراواندان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی یاسایی و دەستوری.
جەختیشیکردووەتەوە، پێویستیان بە یەکگوتاری و یەکهەڵوێستی و بڕیاری سیاسیی هەموو لایەنەکان هەیە بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە.