گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

کەی و چۆن دەستپێدەکاتەوە؟

چارەنوسی پرۆسەی خوێندن لەنێوان مەترسییەکانی کۆرۆنا و قەیرانی دارایی

2020.12.27 - 15:52
App store icon Play store icon Play store icon
چارەنوسی پرۆسەی خوێندن لەنێوان مەترسییەکانی کۆرۆنا و قەیرانی دارایی

ناس کورد-

وەزارەتی پەروەردەی هەرێم بڕیاری داوە ئەگەر وەزارەتی تەندروستی ڕێگە بدات، لە 10ی مانگی داهاتوو پرۆسەی خوێندن بۆ سەرجەم قۆناغەکان لە نێو هۆڵەکانی خوێندن دەستپێبکاتەوە، مامۆستایانی ناڕازیش دەڵێن، ئەگەر بارودۆخی موچە چاک نەکرێت خوێندن دەستپێناکاتەوە و بایکۆت دەکرێت، بەوەش خوێندن کەوتووەتە نێو بەرداشی کۆرۆنا و قەیرانی دارایی.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئەگەرچی پێش سێ مانگ پرۆسەی خوێندن لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکردەوە، بەڵام لەنێوان مەترسییەکانی کۆرۆنا و قەیرانی دارایی بەشێکی زۆر لە قوتابیان تاوەکو ئێستا هیچ وانەیەکیان نەخویندووە یاخود بەشێکی زۆر کەم وانەیان خوێندووە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە

لەدوای مانگێک لە دەستپێکردنەوە خوێندن، لە بەرواری 1ی تشرینی دووەمی 2020، بەهۆی مەترسییەکانی کۆرۆنا خوێندن لە هۆڵەکان ڕاگیرا و بڕیاردرا قۆناغی چوار تا 11ی بنەڕەتی بەشێوەی ئەلکترۆنی درێژە بە خوێندن بدەن، ڕاگرتنەکەش تاوەکو 10ی مانگی داهاتوو بەردەوام دەبێت.

 

ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێم ئەمڕۆ (27ی کانونی یەکەمی 2020) بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، "لە هەفتەی یەکەمی ساڵی نوێدا لە لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا کۆدەبینەوە و بڕیار لەبارەی چارەنوسی خوێندن لە هەرێم دەدەین"، بەڵام هیچ وردەکارییەکی ئاشكرانەکرد.

 

ئێستا دایکان و باوکان دوودڵی ساڵێکی خوێندنی منداڵەکانیان و خوێندکارانی دیکەش بەتایبەت قۆناغی 12، خەمی دواکەوتنی ساڵێکی خوێندنیان، یاخود بەدەستنەهێنانی نمرەی بەرزە بەهۆی دواکەوتنیان لە وانەکان.

 

سەیوان عەلی، بریکاری وەزارەتی پەروەردەی هەرێم لە لێدوانێکی تایبەتدا بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، "ئەوەی لە ئەنجومەنی وەزارەتی پەروەردە باسی لێوەکراوە و پلانی بۆ دانراوە، بەهیچ شێوەیەک ناهێڵین خوێندنی ئەمساڵ بفەوتێت و ئەوەی لە تواناماندا بێت دەیکەین بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن."

 

وتیشی، "ئەنجومەنی وەزارەتی پەروەردە بڕیاریداوە لە 10ی کانوونی دووەمی 2021 واتە مانگی داهاتوو، خوێندن لە سەرجەم قۆناغەکان لە ناو هۆڵەکانی خوێندن دەستپێبکاتەوە، بە لەبەرچاوگرتنی سەرجەم ڕێکارە تەندروستییەکان، ئەگەر ئامارەکانی کۆرۆنا بەمشێوەیەی ئێستا بە نزمی بمێننەوە."

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەگەریش ئامارەکانی توشبوون بە کۆرۆنا بەرزبوونەوە، ئەوا پلانێکی دیکە هەیە بۆ دەستپێکردنەوەی خویندن، ئەویش دەوامکردنە بەشێوەی تەناوب، واتە هەر پۆلێک لە هەفتەکەدا سێ رۆژ دەوام بکات."

 

ئێستا جگە لە ڤایرۆسی کۆرۆنای کۆڤید 19، بڵاوبوونەوەی جۆرێکی نوێی کۆرۆنا لە چەند وڵاتێکی ئەوروپی مەترسی دروستکردووە و هەرێمی کوردستانیش بەدەر نابێت لەو مەترسییانە.

 

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێم لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لەبارەی دۆخی تەندروستی و کاریگەرییەکانی کۆرۆنا ڕاپۆرتێک ئامادەدەکەن و بۆچوونی خۆیان لەبارەی دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن دەخەنەڕوو.

 

بریکاری وەزارەتی پەروەردەی هەرێم جەختیکردەوە، "ئێمە بڕیارمانداوە کە خوێندن لە 10ی مانگی داهاتوو دەستپێبکاتەوە، بەڵام کۆی بڕیارەکان لەدەست ئێمەدا نییە و پێویستە وەزارەتی تەندروستی و لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆناش ڕەزامەندی بدەن لەسەر ئەوە."

 

مەترسییەکانی کۆرۆنا، تەنها کێشەی بەردەم پرۆسەی خوێندن لە هەرێم نییە، بەڵکو قەیرانی دارایی و دواکەوتنی موچەی مامۆستایان کێشەیەکی دیکە و لەمساڵدا هەر لەگەڵ دەستپێکردنەوەی خوێندن لە بەشێکی زۆر لە شار و شارۆچکەکان بەتایبەت سنوری پارێزگای سلێمانی بایکۆتی دەوام کرا.

 

موسلیم عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی کوردستان بە "ناس کورد"ی وت، "دەتوانین بڵێین پرۆسەی خوێندن لە هەرێم لە مەترسی و دۆخێکی خراپدایە، چونکە جگە لە کۆرۆنا، قەیرانی دارایی کاریگەریی خراپی لەسەر پرۆسەکە دروستکردووە."

 

وتیشی، "ڕاستە لەئێستادا ئامارەکانی کۆرۆنا بەرەو دابەزین دەچن و پێدەچێت بتوانرێت پرۆسەی خوێندن دەستپێبکرێتەوە، بەڵام ئەگەر قەیرانی داراییش چارەسەر نەکرێت، ئەوا هیچ گەرەنتییەک نییە کە مامۆستایان دەوام بکەن و بایکۆتی خوێندن نەکەن."

ئەپی نوێی ناس کورد دابەزێنە بۆ بینینی بەپەلە و هەواڵەکان: بۆ ئایفۆن - بۆ گالاکسی - بۆ هواوى

وەزارەتی پەروەردە پلانی داناوە بە نەهێشتنی ڕۆژە پشووەکان قەرەبووی دوو مانگی ڕابردووی خوێندن بکاتەوە، بەڵام دوورنییە ئەمجارەش پرۆسەی خوێندن بە بایکۆتکردن دەستپیبکاتەوە.

 

بریکاری وەزارەتی پەروەردەی هەرێم باسی لەوەکرد، "بڕیارمانداوە، جگە لە ڕۆژێکی نەورۆز و سێ ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان، سەرجەم پشووەکانی دیکە لاببەین و بەوشێوەیە دەتوانین قەرەبووی ماوەی فەوتاوی ڕابردوو بکەینەوە."

 

سەبارەت بە پرسی موچە باسی لەوەکرد، ئەوە پرسێکی گشتییە و تەنها تایبەت نییە بە مامۆستایان، منیش و وەزیری پەروەردەش وەک مامۆستایان موچەمان دوادەکەوێت و لێمان دەبڕدرێت، بەڵام بە بایکۆت کردن چارەسەر ناکرێت و لە ڕابردووشدا چارەسەر نەکراوە."

 

لە بەرامبەردا عادل حەسەن، ئەندامی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی بۆ "ناس کورد" وتی، "دەستپێکردنەوە پرۆسەی خوێندن لەدەستی حکومەتدا نەماوە، ئەگەر بارودۆخی دارایی باش نەکرێت، ئەوا پرۆسەی خوێندن بەشێوەیەکی تەندروست دەستپێناکاتەوە."

 

وتیشی، "دوورنییە لەگەڵ بڕیاردان لە دەستپێکردنەوەی خوێندن بایکۆت ڕابگەیەنرێت و ئەوەشی لە سنوری هەولێر و دهۆک هەبووە بایکۆتی ڕانەگەیەندراو بووە و پرۆسەی خوێندن لەوێش پەکی کەوتووە."

 

ڕوونیشیکردەوە، لەگەڵ هەر بڕیارێکی وەزارەتی پەروەردەدا وەک ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی هەڵوێستی خۆیان ڕادەگەیەنن لەوبارەیەوە.

 

سەبارەت بەوەشی، هەندیک ڕەخنەیان لێدەگرن کە بەهۆی بایکۆتەوە خوێندنی خوێندکاران دەفەوتێت، عادل حەسەن باسی لەوەکرد، "ئەوە یەکێتی و پارتی و ئەم حکومەتەیە کە ژیانی هاووڵاتیانی هەرێمێکیان فەوتاندووە، نەوەک ئێمە خوێندن بفەوتێنین."