ناس کورد-
ئەندامێکی لیژنە دارایی پەرلەمانیی عێراق ڕایگەیاند، دانووستانەکانی ئەم دواییەی نێوان بەغدا وهەولێر ئەرێنی بوون، خستنەڕووی داتا وئامارەکان لەلایەن هەرێمەوە بەشێوەیەکی شەفاف کێشەکان لە بنەڕەتەوە ڕیشەکێش دەکات.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ماجیدە تەمیمی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ میدیا عێراقییەکان (27ی کانونی یەکەمی 2020) کە "ناس کورد" بەدواداچوونی بۆ کردووە ڕایگەیاند، "داوامانکردووە لە شاندەکەی هەرێمی کوردستان داتاکان و ئامارە پێویستەکان بە شێوەیەکی شەفافانە بخەنەڕوو بۆ ئەوەی خاڵی لاواز و ناکۆکی نێوان هەردوولا دەست نیشان بکەین".
ئاماژەی بەوەشکردووە، "گفتوگۆکانی ئەم دواییەی نێوان شاندی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق تاڕادەیەک زۆر ئەرێنی بوون، خستنەڕووی داتاکان بە شێوەیەکی شەفاف کێشەکان لە بنەڕەتەوە ڕێشە کێش دەکات".
تەمیمی ئەوەشی خستوووەتە ڕوو، "داوامان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە بودجە و ژمێریاریی کۆتایی ئامادە بکات، چونکە لەڕێگەیەوە دەتوانیین داهات، نرخی نەوت، نەوتی هەناردە کراوە ودەرهێنراو و ژمارەی فەرمانبەران و خانەنشیان لە هەرێم چەندە".
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، "حکومەتی هەرێم تائێستا هیچ پڕۆژە بودجەیەکی نییە وهیچ کاتێکیش ژمێریاریی کۆتایی ئامادە نەکردووە و لە هەمانکاتیشدا، تائێستا حکومەتی هەرێمی موچەی فەرمانبەرانی بە نیشتیمانی نەکردووە".