گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئەگەری ڕوودانی شەڕ

ڕۆژنامە ئیسرائیلیەکان: ئایا ناوچەکە لە لێوارى جەنگدایە؟

2020.12.26 - 22:53
App store icon Play store icon Play store icon
ڕۆژنامە ئیسرائیلیەکان: ئایا ناوچەکە لە لێوارى جەنگدایە؟

ناس کورد- 

ئەمریکا و ئیسرائیل لە نزیک ئێران و بەتایبەت تر لە گەرووى هورمز نمایشى هێز دەکەن و زۆرێک لە شارەزایانیش پێیان وایە ئەگەرى هەیە ناوچەکە لە لێوارى شەڕدا بێت، بەڵام ڕۆژنامە ئیسرائیلیەکان بۆچونێکى جیاوازیان هەیە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ڕۆژنامەى جیروزالیم پۆست (شەممە 26ى کانونى یەکەمى 2020) لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردووەتەوە، هەڕەشەکانى دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمریکا و ئەفیف کۆخافى، سەرۆک ئەرکانى سوپاى ئیسرائیل دژى ئێران و بوونى ژێردەریاییەکانى ئەو دوو وڵاتە لە ئاوەکانى کەنداودا ئەوە پیشان دەدەن ئەگەرى هەڵگیرسانى جەنگ لەناوچەکە نزیک بووەتەوە.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، ئەو هەڕەشە و کۆکردنەوە و نمایشکردنى هێزە سەرەتا وا دەریدەخەن جەنگێک لە ناوچەکە هەڵدەگیرسێت، بەڵام ڕاستیەکەى ئەوەیە دەیانەوێت کەشێک بڕەخسێنن کە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ تاراندا ڕوونەدات، چونکە تاران بەڵێنى تۆڵەکردنەوەى "موحسین فەخرى زادە" زاناى ئەتۆمى وڵاتەکەى داوە کە لە مانگى 11ى ئەمساڵ تیرۆرکرا، هەروەها هەڕەشەى ئەوەشى کردوە بەهەمان شێوە تۆڵەى تەقینەوەکەى پێگەى ئەتۆمى "نتنز" دەکاتەوە.

 

لەلایەکى ترەوە "ڕۆن بن شاى" شیکەرەوەى سەربازى بە ڕۆژنامەکەى "یەدیعوت ئەحرانۆت"ى وتووە، ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست بە درێژایى مێژووى نمایشى سەربازى لەو جۆرەى نەدیوە کە ماوەى دوو هەفتەیە ئەمریکا و ئیسرائیل ئەنجامى دەدەن، ئەوەش بۆ ڕێگەگرتن لە ئێران بۆ ئەنجامدانى هەر کردەوەیەک لە دژیان.

 

ڕۆژنامەکە پێشى وایە، ئەگەرێکى زۆر هەیە ئێران پێش ئەوەى "جۆ بایدن" سەرۆکى هەڵبژێردراوى ئەمریکا دەسەڵات بگرێتە دەست هێرشى سەربازى بکاتە سەر بەرژەوەندیەکانى ئەمریکا و ئیسرائیل، ئەوەش وەک تۆڵەکردنەوە هەروەها ناچارکردنى ئەمریکا بۆ کشانەوەى هێزەکانى لە عێراق و ئەفغانستان، چونکە ئەو هێزانە هەڕەشەن لەسەر تاران، هەروەها بۆ ناچارکردنى بایدن بۆ ئەوەى ئەو سزایانە هەڵگرێت کە ترامپ خستوویەتییە سەرى.

 

جیروزالم پۆست ئەوەشى ئاشکراکردوە، سەبارەت بە سروشتى هێرشەکە ئەمریکا و ئیسرائیل بۆچونیان جیاوازە، ئیسرائیل پێى وایە ئێران هێرشێکى بچوک لەڕێگەى یەکێک لە گروپەکانیەوە لەناوچەکەدا ئەنجام دەدات بۆ ئەوەى کاریگەرى نەکاتە سەر دانوستانەکانى لەگەڵ ئیدارەى بایدن، بەڵام ئیدارەى ترامپ پێى وایە، سەرەڕاى ئەوەى تاران ئارەزویەکى زۆرى هەیە بۆ هەڵدانەوەى پەڕەیەکى نوێ لەگەڵ بایدن، ئارەزووى بۆ تۆڵەکردنەوە و دەرکردنى هێزەکانى ئەمریکا لە ناوچەکە گەورەترە.