گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئەنجامی گفتوگۆکانی هەرێم و بەغدا

’’شاندی هەرێم ئەنجامی گفتوگۆکانی لەگەڵ بەغدا ڕووندەکاتەوە’’

2020.12.26 - 20:03
App store icon Play store icon Play store icon
’’شاندی هەرێم ئەنجامی گفتوگۆکانی لەگەڵ بەغدا ڕووندەکاتەوە’’

ناس کورد-

بڕیاره‌ رۆژی دووشه‌ممه ئەو‌ شاندەی حكومه‌تی هه‌رێم كه‌ له‌به‌غدا بوون، سه‌ردانی په‌رله‌مان بكه‌ن بۆ ڕوونکردنەوەی ئەنجامی گفتوگۆکانی هەرێم و بەغدا و سه‌رۆكی لیژنەی داراییش لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، هیچ ڕێککەوتنێک لەنێوان هەرێم و بەغدا نەکراوە، ئەوەی هەیە لە بودجەدایە و ئەگەر لە پەرلەمان پەسەند بکرێت پشکی هەرێم %12.67 دەبێت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

زیاد جه‌بار، سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و سەرۆکی لیژنەی دارایی له‌په‌رله‌مانی كوردستان (شەممە 26ی کانوونی یەکەمی 2020) بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، " بڕیاره‌ رۆژی دووشه‌ممەی داهاتوو‌ شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه‌ سه‌ردانی به‌غدایان كردبوو له‌گه‌ڵ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان و لیژنه‌ی دارایی و وزه ‌و سه‌رۆكایه‌تی لیژنه‌ی یاسایی و سه‌رۆكی فراكسیۆنه‌كان كۆببنه‌وه‌."

 

وتیشی، له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا شاندەکەی هه‌رێم ئامانج و هه‌نگاوه‌كانی گفتوگۆکانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا بۆ په‌رله‌مان روونده‌كه‌نه‌وه ‌و پاشانیش سه‌رۆكی فراكسیۆنه‌كان و ئه‌ندامانی لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان ده‌توانن پێشنیا رو سه‌رنجه‌كانیان بگه‌یه‌ننه‌ شاندەکەی هه‌رێمی كوردستان.

 

سەرۆکی لیژنەی دارایی ئاماژەی بەوەشكرد، "تاوەکو ئێستا هیچ ڕێککەوتنێک لەنێوان هەرێم و بەغدا نەکراوە و ئەوەی کراوە ڕێککەوتن نییە و تەنها لە بودجەی ساڵی 2021دا هەیە و ئەوەش پێویستی بە پەسەندکردن هەیە لە پەرلەمانی عێراق و ئەگەریشی هەیە گۆڕانکاری تێدابکرێت، یاخود پەسەند نەکرێت."

 

باسی لەوەشكرد، "لە پڕۆژەکەدا جگە لەوەی پشکی هەرێم بە 12.67% دیاریکراوە، چەندین پابەندبوون و مەرجی دیکەی تێدایە کە پێویستە وردەکارییەکەی بزانین و ئەوکات قسەی خۆمانی لەسەر بکەین، ئەوەش لە ڕۆژی دووشەممە بۆمان ڕووندەبێتەوە."

 

زیاد جەبار ئاماژەی بەوەشكرد، "بەگوێرەی ئەوەی لە پڕۆژەیاساکەدا دانراوە کە پشکی هەرێم 12.67% دەبێت، ئەگەر لە پەرلەمان پەسەند بکرێت و هەردوولا پابەندبن و ڕێککەوتنەکە جێبەجێبکرێت، ئەوا بۆ هەرێمی کوردستان باش دەبێت و لەڕووی داراییەوە لەم قۆناغە خراپەی ئێستا ڕزگاری دەبێت."

 

شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌سه‌رۆكایه‌تی قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت له‌ دوو هه‌فته‌ی رابردوودا سه‌ردانی به‌غدای كرد و چەندین کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسان و لایەنە سیاسییەکانی عێراق ئەنجامدا.

 

لەدوای کۆتایی هاتنی کۆبوونەوەکان و گەڕانەوەی شاندەکە بۆ هەرێم، قوباد تاڵه‌بانی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "له‌باره‌ی بودجه‌وه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا رێككه‌وتووین."