گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وادەیەکی نوێ بۆ گەیشتنی پڕۆژەبودجەی 2021 بۆ پەرلەمان ئاشکرادەکرێت

2020.12.26 - 16:45
App store icon Play store icon Play store icon
وادەیەکی نوێ بۆ گەیشتنی پڕۆژەبودجەی 2021 بۆ پەرلەمان ئاشکرادەکرێت

ناس کورد-

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بەپێی ئەو دەنگۆیەی كە لە لایەن هەندێك لایەنی سیاسییەوە هەیە، بڕیارە سبەینێ یەكشەممە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021 بگاتە پەرلەمانی عێراق، دەشڵێت، دواکەوتنی پڕۆژەکە كاریگەریی خراپی دەبێت لەسەر دۆخی دارایی و ئابووریی عێراق.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

 

د. بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق (شەممە 26ی کانوونی یەکەمی 2020) بە میدیای فەرمیی حزبەکەی ڕاگەیاند، "گرفتی سەرەكی لە بەردەم ڕەوانە نەكردنی  ڕەشنووسی پڕۆژەی بودجەی 2021 عێراق، زۆریی خەرجی و بابەتی كورتهێنانە لە بوجەكەدا، هەرچەندە بڕیار بوو پێش سەری ساڵ واتە هەفتەی رابردوو پڕۆژەكە ڕەوانەی پەرلەمان بكرایە، كە تائێستا نەكراوە."

 

ئاماژەی بەوەشكردووە، "بەپێی ئەوەی كە ئەمڕۆ لە هەندێك سەرچاوەوە بڵاوكراوەتەوە بڕیارە سبەینێ پرۆژەكە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە ڕەوانەی پەرلەمان بكرێت، لەگەڵ گەیشتنی بۆ نێو پەرلەمان، خوێندنەوە بۆ بڕگە و ماددەكانی نێو یاساكە دەكرێت، كە ئەمەش بێگومان نزیكی مانگێك یان زیاتری پێوستە بۆ ئەوەی بە تەواوی پرۆژەكە وەك ئەوەی هەیە پەسەند بكرێت".

 

بەگوێرەی پڕۆژەکە، هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێم لەسەر چەند پرسێکی تایبەت بە بودجە و نەوت ڕێککەوتوون، بەڵام بۆ ئەوەی ڕێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێت، پێویستە پڕۆژەکە لە پەرلەمان پەسەند بکرێت و دەنگی پێویست بەدەستبهێنێت. 

 

سەبارەت بە کەمکرنەوەی موچەی فەرمانبەران لە پڕۆژەکەدا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق باسی لەوەشكردووە، " وەك پەرلەمان بە هیچ شیوەیەك لەگەڵ ئەوە نین دەستكاریی مووچەی فەرمانبەرانی ئاسایی بكرێت، لیژنەی دارایی پەرلەمانیش ئەمەی ڕەت كردووەتەوە، ئەگەر گۆڕانكارییەكیش لەبابەتی مووچە یاخود كەمكرنەوەی هەبێت، ئەوا تەنها ئەوانە دەگرێتەوە كە پلە باڵان، بە تایبەت لە سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق".

 

حەداد ڕوونیشیکردووەتەوە، "دواكەوتنی پڕۆژەبودجەی 2021 كاریگەریی خراپی دەبێت لەسەر دۆخی دارایی و ئابووریی عێراق، بەڵام بابەتی لێپرسینەوەی وەزیری دارایی عێراق و بەڕێوەبەری گشتیی بانكی ناوەندی، هیچ كاریگەرییەكی نابێت لەسەر دواكەوتن و موناقەشەكردنی پڕۆژەیاساكە لەنێو هۆڵی پەرلەمان، چونكە هەردوو بابەتەكە بە رێكار و پەیڕەوی خۆیان كاریان لەسەر دەكرێت".