گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاری و زانیاری

زانیاری ورد دەربارەی عەسایب.. پێیەك لە دەوڵەت و پێیەكەیتر یاخیگەریی

2020.12.26 - 11:06
App store icon Play store icon Play store icon
زانیاری ورد دەربارەی عەسایب.. پێیەك لە دەوڵەت و پێیەكەیتر یاخیگەریی

ناس کورد-

نمایشە چەكدارییەكانی دوێنێ شەوی بەغدا لەنێوان چەكدارەكانی عەسایب و هێزە ئەمنییەكانی حكومەتی عێراق، جارێكیتر دۆسییەی ئەم بزوتنەوە چەكدارەیان هێنایەوە بەرباس، لەم بەدواداچوونەدا "ناس كورد" هەندێك زانیاری لەبارەی بزوتنەوەی (عصائب أهل الحق) دەخاتە ڕوو.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە

1- عەسایب بزووتنەوەیەكی چەكداری و لە هەمان كاتدا سیاسیی ڕادیكاڵی شیعەیە، كە لە قۆزاخەی ڕەوتی سەدر و سوپای مەهدی هاتووەتە دەرەوە بە سەرۆكایەتی قەیس خەزعەلی. لەدوای ساڵی 2003، خەزعەلی وەك یاریدەدەری موقتەدا دەردەكەوت، بەڵام دواتر لێی هەڵگەڕایەوە و "عەسایبی ئەهلی حەقی" دامەزراند و بوو بە بەشێك لە "بزووتنەوەی موقاوەمەی ئیسلامی"، لە ئازاری ساڵی 2007 لەلایەن ئەمەریكییەكانەوە بە هۆی پەیوەندیی مۆبایلەوە؛ حەشارگەكەی ئاشكرا كرا و دەستگیر كراوە، پاش دوو ساڵ و لە كۆتاییەكانی 2009، لە دیل بە دیلی عەسایب و شارەزای "IT"ی بەریتانیدا، پیتەر مۆر، ئازاد كراوە.

 

زیاتر بخوێنەوە: بەغدای پایتەخت شەوێکی توندى ئەمنی دەگوزەرێنێت



2- بەهۆی پەیوەندی قووڵەوە بە ئێران و بە تۆمەتی پێشێلكردنی سەروەریی عێراق، "خەزعەلی" لەگەڵ "لەیس"ی برای خراونەتە لیستی تیرۆری وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا.


3- ژمارەی ئەندامانی ئەم بزووتنەوەیە، حەوت بۆ 10 هەزار كەس مەزەندە دەكرێن. لەنێوان ساڵانی 2007-2011 نزیكەی شەش هەزار چالاكییان دژ بە سوپای ئەمەریكی ئەنجام داوە، بەم هۆیەشەوە سەركردەكانی لە ڕیزی پێشەوەی بێزراوەكانی واشنتندان و ئیدارەی ئەمەریكا بە باڵی سوپای پاسدارانیان لەقەڵەم دەدات.


4- زۆر جار نووری مالیكی وەك یەكێك لە باوكانی ئەم ڕێكخراوە ئاماژەی بۆ دەكرێت، چونكە پێشتر ئەم بزووتنەوەیە؛ گرووپێكی بچووك بوون، بەڵام لە سایەی ویلایەتی دووەمی ئەودا (2010-2014) پەرەیان پێ درا و لە 2012 مانۆڕی سەربازیی پاڵپشتیكراویان لەناوەڕاستی بەغدا بۆ ڕێك خرا ئەمەش وەك كارتێك دژی سەدر لێكدرایەوە لە دەمی خۆیدا.


5- قەیس خەزعەلی؛ ئەمینداری گشتیی عەسایب، لەدایكبووی 1974ی شارۆچكەی سەدرە، دەرچووی جیۆلۆجیای زانكۆی بەغدایە و لە ساڵی 1994 لە نەجەف چاوی بە ئایەتوڵڵا محەمەد سادق سەدر (باوكی موقتەدا سەدر) كەوتووە و هەڵكشانی لەوێوە دەست پێ دەكات.


6- گرژیی زۆر لەنێوان سەدر و عەسایبدا هەیە، هۆكارەكانی بەریەككەوتنی ئەم دوو لایەنەش زۆرن، لەوانەش عەسایب لە ڕەوتەكەی سەدر هاتوونەتە دەرەوە، وەك موقتەداش خۆیان بە میراتگر و درێژكراوەی میراتی سەدری دووەم دەزانن، بەڵام هێندە هەیە عەسایب بۆ تەقلیدی كاروباری مەزهەبی؛ پەیڕەوی لە مەرجەعیەتی "ئایەتوڵا كازم حائیری" دەكەن، بۆ ویلایەت و كاروباری سیاسی؛ دەگەڕێنەوە سەر "عەلی خامنەیی" ڕێبەری شۆڕشی ئێرانی.


7- بزووتنەوەی عەسایب تۆمەتباری سەرەكین بە تێوەگلان لە كوشتاری تایفی (2006-2008)، ئەمەش بە هەوڵی پاكتاوی سوننەكان ئاماژەی بۆ دەكرێت، جگە لەوەش هەمیشە تۆمەتباری سەرەكین لە كەیسەكانی كوشتنی گەنجانی ئیمۆ و مۆدێلەكانی جلوبەرگ و بەم دواییانەش زۆر جار بە كوشتنی چالاكوانان و سەركوتكردنی خۆپیشاندەران تاوانبار كراون، وەهاش باوە كە پلانی تیرۆری نەیارانی خۆیانیان هەیە.


8- عەسایب لە ساڵی 2017 دا وێنەی كڵاشینكۆفیان لە ئاڕمی سەرەكیی خۆیان لا برد، مۆڵەتی فەرمییان وەرگرت بۆ كاری سیاسی وەك حیزبێكی مەدەنی و باڵە چەكدارییەكەشیان چوونە ناو ڕیزەكانی حەشدی شەعبی، كە بەپێی هەندێك ئامار دەوروبەری 10 هەزار چەكدار بوون.


9- لەپاش بەرگگۆڕینی عەسایب بۆ بزووتنەوەیەكی سیاسی، قەڵەمبازێكی گەورەیان دا لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری 2018، چونكە ڕێژەی كورسییەكانی ئەم بزووتنەوەیە لە یەك كورسییەوە هەڵكشا بۆ 15 كورسی لە ئەنجوومەنی نوێنەران، ئەمەش لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتیی "فەتح"دا كە چەتری كۆكردنەوەی هێزەكانی حەشد و ڕاگرە سیاسییەكانیان بوو، ئەم ڕێژە كورسییەش دەكاتە دەوروبەری 30%ی دەنگەكانی هاوپەیمانێتیی فەتح.


10- چەكدارەكانی عەسایب تۆمەتبار كران بە بەشداریكردن لە پلانی سەركوت و ڕاوەدوونانی كوردەكانی بەغدا و دەرپەڕاندنیان لەسەر ماڵی خۆیان، دواتر لە 2017 بەتوندی دژی ڕیفراندۆم وەستانەوە، هەروەها لە شەنگال و دەوروبەری و لە تێكڕای ناوچە جێناكۆكەكان، بە كاری كوشتن و بڕین و ڕفاندن تاوانبار كراون و بەمدواییانەش لەدەوروبەری سەلاحەدین تۆمەتی كوشتن و بڕینیان ئاراستە كراوە.

 

ـ سوود لە گۆڤاری "ئایندەناسی" وەرگیراوە كە سەنتەری لێكۆڵینەوەی ئایندەیی دەریدەكات ژمارە (2) هاوینی 2020.