گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاری

حکومەتی هەرێم هۆکاری ئەنجامدانی گرێبەستی 50 ساڵە لەگەڵ تورکیا ئاشکرا دەکات

2020.12.25 - 23:08
App store icon Play store icon Play store icon
حکومەتی هەرێم هۆکاری ئەنجامدانی گرێبەستی 50 ساڵە لەگەڵ تورکیا ئاشکرا دەکات

ناس کورد-

وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕەتی دەكاتەوە کە ڕێككەوتنی 50 ساڵەیان لەگەڵ توركیا بووبێتە گرفت لەبەردەم گفتوگۆكانی حكومەتی ھەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق، "چونكە ڕێككەوتنەكە لەسەر گواستنەوەی نەوتە بەنێو خاكی توركیادا نەك فرۆشنی پێشوەختەی نەوت بەو وڵاتە."

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە  

جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکیدا بۆ میدیای پارتی کە "ناس کورد" بەدواداچوونی بۆ کردووە (25ی کانونی یەکەمی 2020) ڕاگەیاند، لە ساڵی 2014ەوە ئابلوقەیەکی ئابوری قورس خراوەتە سەر هەرێمی کوردستان لەلایەن حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی عێراق بۆ ئەوەش بیر لەوەکرایەوە "بەدیلێک هەبێت بۆ هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان وەکو داهاتێک چونکە ئەوکات هیچ داهاتێک لە بەردەستی حکومەتی هەرێمی کوردستان نەبوو، ئەوەبوو لەگەڵ تورکیا ڕێککەوتن کرا بەجۆرێک نەوت بگەیەنرێتە مینای جیهان نەک نەوت بە تورکیا بفرۆشێت."

 

جەختی لەوەشکردەوە، "ئامانجی هەرێمی کوردستان لە ڕێککەوتنەکە بۆ ئەوەبوو نەوت هەناردەی دەرەوە بکریت لە ڕێگەی بۆرییەوەو لەسەر خاکی تورکیا."

 

پێشتر مەسرور بارزانی، سەرۆکى حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، بەشێکی زۆر لەو زانیارییانەى لەبارەى ڕێککەوتنی 50 ساڵە لەگەڵ تورکیا ڕاست نین و جەخت دەکاتەوە کە "ئەو گرێبەستە تەنها بۆ ڕاکێشانی بۆری نەوتی هەرێمە لە ڕێگەی تورکیاوە نەک بۆ فرۆشتنی نەوتەکە."   

  

مەسرور بارزانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا کە ناس کورد بینیویەتی (9ی کانونی یەکەمی 2020) دەڵێت، "کابینەکانی پێشووی حکومەتی هەرێم بەهۆی بڕینی بەشە بودجەى کوردستان لەلایەن بەغداوە ناچار بوون بە سەربەخۆیی نەوتەکەى بفرۆشێت، بۆیە لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتی گرێبەستی کردووە، ئەوەش مافێکی دەستوری هەرێمی کوردستانە."  

  

وتیشی، "گرێبەستی 50 ساڵە لەگەڵ تورکیا تەنها بۆ ڕاکێشانی بۆری و نەوتی هەرێمی کوردستانە بە تورکیادا و هیچ نەوتێکی پێشوەختە بە تورکیا نەفرۆشراوە."  

  

جەختیشی کردەوە کە "ئێمە بەو گرێبەستانەدا چووینەتەوە بەڵام هێشتا تەواو نەبوون."