ناس کورد-
کەناڵى ئێن ئار تى بڵاویکردەوە، ئاوات عەلى سەرۆکى دامەزراوەى میدیایی نالیا دواى گەڕانەوەى لە سویدەوە بۆ هەرێمى کوردستان دەستگیرکراوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەپێی کەناڵەکە، ئاوات عەلى لەکاتى گەیشتنى بە فڕۆکەخانە دەستگیرکراوە.
تا ئێستا پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان هیچ رونکردنەوەیەکیان لەو بارەیەوە نەداوە.
رەحمان غەریب رێکخەرى سەنتەرى میترۆ رایگەیاند، ئاوات عەلى کاتژمێر چوارى بەرەبەیان پەیوەندى پێوەکردووە و پێی راگەیاندووە کە هێزە ئەمنییەکان لەکاتى گەیشتنى بە فڕۆکەخانەى هەولێر لەسەر بنەماى سکاڵایەک کە لەدژى تۆمارکراوە دەستگیریان کردووە.
وتیشى لە پەیوەندى بەردەوامدان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ ئازادکردنى ئاوات عەلى.
رەحمان غەریب باسى لەوەشکرد، رۆژنامەنوسان روبەڕووى کێشە دەبنەوە کاتێک لە رۆژانى هەینیدا دەستگیردەکرێن، لەبەرئەوەى دامەزراوە دادوەرییەکان تا رۆژى یەکشەممە پشوویانە و بۆ گرتنبەرى رێوشوێنى یاسایی لەو بارەیەوە دەبێت چاوەڕوان بن.
بەوتەى سەرچاوەیەکى ئاگادار لە فڕۆکەخانە بۆ "ناس کورد" فەرمانى دەستگیرکردنى ئاوات عەلى لەلایەن دادگاى سلێمانى یەوە گشتێنراوە بەسەر دەروازە و فڕۆکەخانەکاندا پاڵپشت بە سێ سکالاى یاسایی دژى ئێن ئار تى.
دەستگیرکردنى ئاوات عەلى دواى هەفتەیەک دێت لە دەستپێکردنەوەى پەخشى کەناڵى ئێن ئاڕ تى، کە چەند هەفتەیەک بە بڕیارى وەزارەتى رۆشنبیرى داخرا.