ناس کورد-
شارەوانی سلێمانی هۆکاری زۆربوونی سەگی بەرەڵا ئاشکرادەکات و بەرپرسێکی بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێت، بڕیاربوو لەلایەن دوو ڕێکخراو لە سلێمانی کار بۆ کەمکردنەوەیان بکرێت، بەڵام یەکێک لە ڕێکخراوەکان کە پێنج دۆنم زەوی وەرگرتووە تا ئێستا هیچ کارێکی بۆ ئەو مەبەستە نەکردووە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
نزار کەمال، لێپرسراوی بەشی خزمەتگوزاری لە شارەوانی سلێمانی (24ی کانونی یەکەمی 2020) بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، پێشتر لەلایەن بەیتەریەی سلێمانی بەهاوکاری شارەوانی چارەسەری سەگی بەرەڵا دەکراو لە ئێستادا لەلایەن دوو ڕێکخراوە کاری بۆ کۆکردنەوەیان دەکرێت."
وتیشی، " وەکو شارەوانی پێنج دۆنم زەویمان داوەتە یەکێک لە ڕێکخراوەکان بۆ کۆکردنەوەی ئەو سەگانە، بەڵام زەویەکەیان وەرگرتووە و تائێستا هیچ کارێکیان نەکردووە."
باسی لەوەشکرد، لەلایەن ڕێکخراوێکی دیکە کار بۆ چارەسەر کردنی ئەو سەگانە دەکرێت، ئەویش ڕێکخراوی پاکۆ کە نەشتەرگەری نەزۆکی بۆ سەگەکان دەکەن و تا ئێستاش نزیکەی 50 سەگ نەشتەرگەری نەزۆکیان بۆ کراوە لەلایەن ئەو ڕێکخراوەو بەردەوامیشن لەکارەکانیان.
ئاماژەی بەوەشكرد، "بۆ ڕێگری لە زۆر بوونی سەگی بەرەڵا پێویستە بودجەیەک تەرخان بکرێت، چونکە لە ئێستادا دیاردەکە زۆر زۆر بووەو لە هەندێک شوێن گرفتی بۆ هاووڵاتیان دروستکردووە".
لە سلێمانی و زۆرێک لە شار و شارۆچکەکانی هەرێم ژمارەیەکی زۆر سەگی بەڕەڵا لە کۆڵان و شەقامەکاندا دەسوڕێنەوە و زۆرجار دەبنە مەترسی بۆسەر هاووڵاتیان، بەڵام تاوەکو ئێستا نەتوانراوە زیادبوونیان کۆنتڕۆڵ بکرێت.