گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئاڵنگارییەکانى بەردەم رێککەوتنى سەخت

’’شنگال لەنێوان هەڵکردنی ئاڵای عێراق و نەکشانەوەی پەکەکەدا’’

2020.12.24 - 19:51
App store icon Play store icon Play store icon
’’شنگال لەنێوان هەڵکردنی ئاڵای عێراق و نەکشانەوەی پەکەکەدا’’

ناس کورد - 

بۆ یەکەمجار لە دوا ڕوخانى ڕژێمى سەدام حسێن ئاڵاى عێراق لە قەزاى شنگال هەڵکرا و سوپا بڵاوەى پێکرا، ئەوەش دواى ئەوەى یەک لەدواى یەک ئاڵاى گروپە چەکدارییە جیاجیاکان داگیرا.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

رۆژى (9ی تشرینی یەکەمی 2020) هەرێمى کوردستان و بەغدا لەسەر ئاساییکردنەوى رەوشى قەزاى شنگال و دەوروبەرى ڕێککەوتن. بەپێى ڕێککەوتنەکە هێزە فیدراڵیەکان دۆسیەى ئەمنى ناوچەکە دەگرنە دەست، بەڵام ئەوەش پێویستى بە ڕێکەوتن بوو لەگەڵ ئەو گروپە چەکداریانەى لە ناوچەکەدا بونیان هەیە بەتایبەتى پارتى کرێکارانى کوردستان "پەکەکە".

 

ئاژانسى ئەسۆشیەیتد پرێس لە ڕاپۆرتێکدا کە ناس کورد بەدواداچونى بۆ کردووە (پێنج شەممە 24ى کانونى یەکەمى 2020) بڵاویکردوەتەوە، لە شاخەکانى شەنگال گەریلاکانى پەکەکە ماون. مولازم عیماد حسێن لە سوپاى عێراقى دەڵێت "کێشەمان لەگەڵ پەکەکە هەیە، لەسەر کشانەوەیان ڕێککەوتوین بەڵام هەندێک لە چەکدارەکانیان پابەند نابن".

 

بەپێی راپۆرتەکە، گەیشتن بە ڕێککەوتن سەخت بوو، جێبەجێکردنیشى چەندین کێشە و ئاڵنگاریی نوێى هێناوەتە ئاراوە، شارەزایان باسلەوەدەکەن کە تەنها گۆڕینى ئاڵا بۆ چەسپاندنى یاسا لە شنگال بەس نییە.

 

ئێزیدییەکان کە لەلایەن داعشەوە کۆمەڵکوژیان بەرامبەر کرا و ژمارەیەکى زۆریشیان دەستگیر کران و وەک کۆیلە مامەڵەیان لەگەڵ کرا متمانەیان بە دەسەڵاتدارانى عێراق نییە، پێیان وایە کە دەستبەرداریان بووە لەبەرامبەر دڕەندەیى ڕێکخراوى داعشدا، هەروەها ئێزدییەکان بەهۆى لاوازى حکومەتى ناوەندەوە لە هەندێک لە میلیشیاکان دەترسن بەتایبەتى ئەوانەى لە ئێرانەوە نزیکن.

 

دواى هێرشەکانى داعش زیاتر لە 200 هەزار هاوڵاتى ئێزیدى ئاوارەبوون، لە نێوان مانگەکانى حوزەیران بۆ ئەیلول، 21 هەزار و 600 کەس گەڕاونەتەوە ئەوەش لەچاو مانگەکانى پێشودا زۆرترین بووە، بەڵام بە تەنها گەڕانەوە کێشەکانیان چارەسەر ناکات و ئێستاش زۆرینەیان لە شۆکێکى گەورەدا دەژین.

 

ژمارەیەکى زۆرى ئێزدییەکان زۆرینەى ئەندامانى خێزانەکانیان و خزم و کەسوکار و تەنانەت دراوسێکیانیشیان لەدەستداوە، هەندێکیش تا ئێستا بەدواى سۆراغى کەسوکارە بێسەروشوێنەکانیانەوەن، زۆرینەى دانیشتوانەکە گوێ بە ڕێککەوتن نادەن و بە هیچ شێوەیەک دڵخۆشیان ناکات و ئاماژە بەوەدەدەن "ئایا ڕێکەوتن کەسوکار و خێزانەکانیان کە بوونە قوربانى بۆ دەگێڕێتەوە؟".

 

شێخ نایف ئیبراهیم یەکێک لە شێخەکانى ناوچەکە دەڵێت، "لەگەڵ ئێزدیەکان وەک برا دەژیاین بەڵام ئێستا لێمان دوردەکەونەوە، ئەوان چیتر ناتوانن جیاوازى لەنێوان مەدەنییەکان و ئەندامانى ڕێکخراوى داعشدا بکەن".

 

ژمارەیەکى زۆرى ئێزدیەکانیش دراوسێ عەرەبەکانیان بە پشتگیرى کردنى ڕێکخراوى داعش تۆمەتباردەکەن و لەماوەى ڕابردوشدا شەڕى نێوان عەرەبە سوننەکان و گروپە چەکداریە ئێزدییەکان ڕویدا و ژمارەیەک عەرەبى سوننە کوژران.

 

تەنانەت بەشێکى زۆرى ئێزدییەکان چیتر متمانەیان بە هێزەکانى پێشمەرگە نەماوە. زێدان خەڵەف کە جوتیارێکە دەڵێت، حەوت ساڵ کۆنترۆڵى ناوچەکەیان بەدەستەوەبوو هەرگیز بۆ ڕۆژێکیش نەیانزانى کە کێ دەسەڵاتى هەیە و فەرمانڕەوایى دەکات.