گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریى

لێدوانى سەرکردەیەکى هاوپەیمانێتى نەسڕ لەبارەى رێککەوتنى هەرێم و بەغدا 

2020.12.23 - 23:18
App store icon Play store icon Play store icon
لێدوانى سەرکردەیەکى هاوپەیمانێتى نەسڕ لەبارەى رێککەوتنى هەرێم و بەغدا 

ناس کورد-

سەرکردەیەکی هاوپەیمانێتی نەسر ڕایگەیاند، حکومەتی فیدڕاڵی ڕەتیکردووەتەوە هیچ پارەیەک لەیاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی ڕەوانەی هەرێم بکات، دەشڵێت، هەردوولا ڕێککەوتوون لەسەرپشکی هەرێم لە بودجەی 2021دا، ئەوەش بەمەرجی ڕادەستکردنی نەوت بە کۆمپانیای سومۆ و نیوەی داهاتە نانەوتییەکان لەلایەن هەرێمەوە.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە  

 

عەقیل ڕودەینی، سەرکردە لە هاوپەیمانێتی نەسری سەر بە حەیدەر عەبادی لە لێدوانێکیدا بۆ میدیا عێراقییەکان ( 23ی کانوونی یەکەمی  2020) کە " ناس کورد" بەداواداچوونی بۆ کردووە ڕایگەیاند "شاندەکەی هەرێم داوای لە حکومەتی عێراق کردووە پارەی سێ مانگیان بۆ بنێرێت کە لەیاسای پڕکردنەوەی کورتهینانی داراییدا بڕیاری لەسەر داراوە ".

 

وتیشی "حکومەتەکەی کازمی ناتوانێت ئەو پارەیە بە هیچ شێوەیەک ڕەوانەی هەرێم بکات، بەتایبەتی دوای ئەو فشارەی کە لەلایەن پەرلەمانەوە کراوەتە سەری، کە مەرجی ناردنی پارە پەیوەستکراوە بە پابەندبوونی هەرێم بە ڕادەستکردنی  نەوت و داهاتە نانەوتییەکان بە بەغدا".

 

سەرکردەکەی نەسر باسی لەوەشکرد "بەغدا و هەولێر ڕێککەوتوون لەسەر پابەندبوونی هەرێمی کوردستان بە ڕادەستکردنی 250 هەزار بەرمیل نەوت و نیوەی داهاتە نانەوتییەکان بەرانبەر پابەندبوونی بەغدا بە ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێم وموچەی فەرمانبەران لەچوارچێوەی بودجەی ساڵی2021 دا".

 

سەبارەت بە بەرزکردنەوەی سکاڵا دژ بە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گەڕاندنەوەی ئەو گوژمە پارانەی کە پێشتر لە حکومەتی فیدڕاڵی وەریگرتووە بەبێ ئەوەی هیچ پابەندبوونێک نیشاند بدات، ڕودەینی وتی "هیچ ئاماژەیەکی لەو شێوەیە لە ئێستادا نییە".

 

ئەوە لەکاتێکدا کەحەسەن شوێرد، ئەندامی لیژنەی گفتۆگۆی نێوان بەغدا و هەولێر لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ" ناس کورد" ( 22ی کانوونی یەکەمی 2020) ڕایگەیاند،" دانووستانەکانی نێوان شاندی هەرێمی کوردستان وحکومەتی فیدڕاڵی تائیستا بەردەوامە، بەڵام تائەم کات وساتە ئەنجامێکی ڕوونی لێنەکەوتووەتەوە".

 

وتیشی:"کۆمپانیا بیانییەکانی نەوت کە لە ئێستادا لە هەرێم کاردەکەن، نیوەی داهاتە ناوخۆییەکان وڕادەستکردنی نەوت بە کۆمپانیا سۆمۆ گرفتی سەرەکین لە بەردەم گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی".

 

ئەندامەکەی لیژنەی گفتۆگۆی نێوان بەغدا وهەولێر باسی لەوەشکرد،" ئەگەر ڕێککەوتنی سیاسی نەکرێت پێناچێت پشکی هەرێم لە بودجەی 2021 لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵییەو ڕەوانە بکرێت".

 

شوێرد ئەوەشی وت:"لە ئێستادا ئاڕاستەیەک لە ناو پەرلەماندا گەڵاڵە بووە، کە بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ  نەرمی نواندن نیین لەگەڵ هەرێمی کوردستان، بەشێکی زۆر لە پەرلەمانتارانی فراکسیۆنە سیاسییەکان لەژێر کۆنتڕۆڵی سەرکردە سیاسییەکانیان دەرچوون، بۆیە  تێپەڕاندنی بودجە بەگشتی و پشکی هەرێم بە تایبەتی  زۆر سەخت دەبێت".

 

شاندێکى باڵاى حکومى هەرێم بەسەرۆکایەتى قوباد تاڵەبانى  لە (9ی کانونی یەکەمی 2020) گەیشتە بەغدا و لەگەڵ دەسەڵاتدارانى بەغدا دەستی کرد بە  گفتوگۆ و دانوستانە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر پرسی بودجە ونەوت.

 

قوباد تاڵەبانى، لەبەغدا ( 14ی کانوونی یەکەمی 2020) لە کۆنفرانسێکى ڕۆژنامەنوسیدا وتى،"پابەندبونمان بە یاساى قەرز نیشانداوە، بۆ ڕادەستکردنى نەوت و داهات".

 

ئەپی نوێی ناس کورد دابەزێنە بۆ بینینی بەپەلە و هەواڵەکان: بۆ ئایفۆن بۆ گالاکسی - بۆ هواوى