ناس کورد-
ڕۆژنامەى شەرقولئەوسەت بڵاویکردەوە، ئیسماعیل قائانى بە سەردانێکى ڕانەگەیەنراو لە عێراقە و چاوى بە بەرپرسانى باڵا کەوتووە و دەیەوێت گروپە چەکدارەکان ڕازى بکات بەردەوامى بدەن بە ڕاگرتنى هێرشەکانیان بۆ سەر ئەمەریکا.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ڕۆژنامەکە لە زارى سەرچاوەیەکى ئاگادارەوە بڵاوى کردووەتەوە(23ی کانونی یەکەمی 2020)، لە سەردانەکەیدا بۆ بەغدا ئیسماعیل قائانیى، فەرماندەى فەیلەقى قودسى ئێرانى دیدارى لەگەڵ ژمارەیەک لەگەورە بەرپرسانى عێراقیدا ئەنجامداوە کە بەشێوەیەکى ڕاستەوخۆ بەرپرسن لە دۆسییەى گروپە چەکدارەکان.
ئاماژەى بەوەشکردووە، سەردانەکەى قائانی دواى دەستپێکردنەوەى هێرشێکى موشەکى بوو بۆ سەر ناوچەى سەوز بە مەبەستى ئامانجگرتنى باڵیۆزخانەى ئەمەریکا لە بەغدا ئەوەش دواى ماوەیەک لە ڕاگرتنى چالاکى گروپەکان لە سەروبەندى هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى ئەمەریکادا.
سەرچاوەکە ئاماژەى بۆ ئەوەش کردووە، ئامانجى سەردانەکەى قائانى بۆ هاتنە دى تێگەیشتنێکە بە ئامانجى بەردەوامى ڕاگرتنى هێرشەکان، قائانیى لەسەر خوانێک چاوى کەوتووە بۆ کازمى و پاڵپشتى ئێرانیشى بۆ حکومەتەکەى دوپاتکردووەتەوە.
لاى خۆشیەوە، غەزنەفەر بەتیخ، پەرلەمانتار لە هاوپەیمانى فەتح بە ڕۆژنامەکەى وتووە، قائانى بۆ ئەو مەبەستە نەهاتووە بۆ عێراق و ئەوە ناڕاستە بەڵکو بۆ تاوتوێ کردنى بوونى هێزەکانى ئەمەریکا لەعێراق هاتووە.
شەوی یەکشەممەی ڕابردوو (20ی کانونی یەکەمی 2020)، شانەى راگەیاندنى ئەمنى عێراق رایگەیاند، ژمارەیەک موشەک بە ئاڕاستەى ناوچەى سەوزى بەغدا هەڵدراون و زیانى گیانى بەدواوە نەبووە.
بەپێی راگەیەنراوێکى شانەکە کە وێنەیەکى دەست "ناس کورد" کەوتووە، لە سەربازگەى رەشیدەوە ژمارەیەک موشەک ئاڕاستەى ناوچەى سەوز کراون و لەناو کۆمەڵگەیکى نیشتەجێبووندا کەوتوونەتە خوارەوە.
ئاماژەى بەوەشکردووە، هەڵدانى موشەکەکان زیانى ماددى بە چەند باڵەخانە و ئۆتۆمبیلێک گەیاندووە و هیچ زیانێکى گیانیان لێنەکەوتووەتەوە.
بەپێی چەند گرتەیەکى ڤیدیۆیی دەردەکەوێت کە سیستەمى بەرگرى موشەکى باڵیۆزخانەى ئەمریکا، بەرپەچى هێرشە موشەکییەکە دەداتەوە.