ناس کورد-
لەدوای ئەوەی لە پەیامێکدا بۆ سەرۆکی حکومەتی هەرێم، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا پشتیوانی بۆ میدیای ئازاد ڕاگەیاند، کونسوڵخانەی گشتیی ئەو وڵاتە لە هەرێم ڕایگەیاند، دەنگی خۆی دەخاتە پاڵ وەزیری دەرەوە بۆ پشتیوانی لە میدیای ئازاد.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە ڕاگەیەندراوێکدا کونسوڵخانەی گشتی ئەمەریکا لە هەولێر (چوارشەممە 23ی کانوونی یەکەمی 2020) ڕایگەیاند، دەنگی خۆی دەخاتە پاڵ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ پشتیوانی کردنی ئازادی ڕاگەیاندن لەهەرێمی کوردستانی عێراق.
"کونسوڵخانەی گشتیی ئەمەریکا دەقی تویتێکی مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکای بڵاوکردووەتەوە کە نوسیویوتی، "خۆشحاڵ بووم بە قسەکردن لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی_کوردستان و هەرەوەها سوپاس کردنی لەپای هاوبەشی تۆکمەیان، ئێمە بەردەوامین لە پشتیوانیکردنی ئازادی_ڕاگەیاندن لە عێراق و بەهیوای بەردەوامی لە هەماهەنگی نزیکمان لە ژێر ڕۆشنایی ڕێککەوتننامەی چوارچێوەی ستراتیژی نێوان ئەمەریکا."
ئەوەش لەکاتێکدایە، لەماوەی ڕابردوودا و بە هۆکاری جیاواز چەندین ڕۆژنامەنوس لە هەرێمی کوردستان دەستگیرکراون و چەند میدیایەکیش سزادراون.
مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا پەیوەندیەكی تەلەفۆنی لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکى حکومەتی هەرێم ئەنجامدا و باسی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدایان کرد.
بەپێی ڕاگەیەنراوی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کە "ناس کورد" بەدواداچوونی بۆ کردووە دەڵێت، "ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە (22ی کانونی یەکەمی 2020) مەسرور بارزانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە مایک پۆمپێیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا پێگەیشت."
دەشڵێت، "لە پەیوەندییەکەدا هەردوولا بە درێژی گفتوگۆیان دەربارەی کێشەکانی نێوان هەرێمی کورستان و حکومەتی فیدراڵی کرد ، بەتایبەتی سەبارەت بە بابەتی بودجەوە . سەرۆکی حکومەت پێشنیاری کرد، کە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان، بە شێوەیەکی کارا و لە ئاستێکی باڵادا، بەشداربن لە چارەسەکردنی کێشەکان و گەیشتن بە ڕێککەوتن لە نێوان هەرێم وحکومەتی فیدراڵی لە سەر بنەمای دەستوور."
باسی لەوەشکردووە کە "سەرۆکی حکومەت سوپاسی هەڵوێستی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکای کرد کە خوازیارە هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی دادپەروەرانە بەشی خۆی لە بودجەی فیدراڵی بەرکەوێت. هەروەها سوپاسی پۆمپێیۆی کرد بۆ پشتیوانی بەردەوامیی لە هەرێمی کوردستان لەماوەی كاركردنیدا."
ڕاگەیەنراوەکە دەشڵێت، "لە پەیوەندییەکەدا هەروەها جەخت لە گرنگیی پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا کرایەوە ، بە تایبەتی لە بواری وزەدا. سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بە گرنگیی بەردەوامبوونی یارمەتییەکانی ئەمەریکا کرد بۆ هێزی پێشمەرگە و هەروەها یارمەتییە تەکنیکییەکانی USAID ."
لە تەوەرێکی دیکەی پەیوەندییەکەدا، بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، "ئاستەنگەکانی بواری سەقامگیریی ئەمنیی لە ناوچەکە و نەهێشتنی گرژییەکان لە سەر سنووری هەرێمی کوردستان و سوریا و گرنگیی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال تاووتوێ کران لە پێناو گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شوێنەکانیان."