ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح
ئەندامێکی لیژنەی گفتوگۆی نێوان بەغدا و هەولێر لەسەر بودجەی 2021 رایگەیاند، تائێستا ئەنجامى دانوستانەکانى هەردوو حکومەت ناڕوونە و ئەگەر ڕێککەوتنی سیاسی نەکرێت كێشە بۆ پشکی هەرێم دروست دەبێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
حەسەن شوێرد، ئەندامی لیژنەی گفتۆگۆی نێوان بەغدا وهەولێر لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ" ناس کورد" ( 22ی کانوونی یەکەمی 2020) ڕایگەیاند "دانووستانەکانی نێوان شاندی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵی تائیستا بەردەوامە، بەڵام تائەم کات و ساتە ئەنجامێکی ڕوونی لێنەکەوتووەتەوە".
وتیشی "کۆمپانیا بیانییەکانی نەوت کە لە ئێستادا لە هەرێم کاردەکەن، نیوەی داهاتە ناوخۆییەکان و ڕادەستکردنی نەوت بە کۆمپانیاى سۆمۆ گرفتی سەرەکین لە بەردەم گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی".
بەوتەى شوێرد "موڵەتدان بە کۆمپانیا بیانییەکان بۆکارکردن لە کەرتی نەوتی هەرێم، تێبینی زۆری لەسەرە، دەتوانین بڵێین خاڵی ناکۆکی سەرەکییە لە گەیشتن بە ڕێککەوتن، لە بنەڕەتدا کاری ئەو کۆمپانیانە لە عێراق بەگشتی جێگای گومانە و پەرلەمانتاران داوادەکەن چاو بە پێدانی موڵەت بەو کۆمپانیانە بخشێنرێتەوە، چونکە پێیانوایە مۆڵەتەکانیان گەندەڵییەکی زۆری تێدایە".
هەروەها جەختی لەوە كردەوە ئەگەر ڕێککەوتنی سیاسی نەکرێت پێناچێت پشکی هەرێم لە بودجەی 2021 لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵییەو ڕەوانە بکرێت، بەتایبەت كە لە ئێستادا ئاڕاستەیەک لە ناو پەرلەماندا گەڵاڵە بووە، کە بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ نەرمی نواندن نیین لەگەڵ هەرێمی کوردستان، بەشێکی زۆر لە پەرلەمانتارانی فراکسیۆنە سیاسییەکانيش لەژێر کۆنتڕۆڵی سەرکردە سیاسییەکانیان دەرچوون، بۆیە تێپەڕاندنی بودجە بەگشتی و پشکی هەرێم بە تایبەتی هەروا ئاسان نییە.
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە ( 23ی تشرینی دووەمی 2020) لیژنەیەکی لە هەشت پەرلەمانتارى عێراق پێکهێنا بۆگفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتى فیدڕاڵ و حکومەتى هەرێم لەبارەى کێشە هەڵپەسێردراوەکانى پەیوەست بە بودجە و چارەسەرکردنى کێشەکان كە پێكهاتووە لە، محەمەد شیاع سودانی، عەدنان زورفی، محەمەد دەراجی، مزاحیم تەمیمی، عەبود عیساوی، ھیشام عەبدولمەلیک، حەسەن شوێرید و فەیسەڵ عیساوی.
قسەکانى ئەو ئەندامەى شاندە پەرلەمانییەكەی عێراق لەکاتێکدایە، لەچەند رۆژى رابردوودا وەزیرى دارایی عێراق رایگەیاند لەگەڵ هەرێمى کوردستان گەیشتونەتە رێککەوتن لەبارەى پڕۆژەى بودجەى 2021.
پشکى هەرێم لە پرۆژەکە کە دوێنێ لەلایەن ئەنجومەنى وەزیرانەوە پەسەندکرا بەستراوەتەوە بە رادەستکردنى 250 هەزار بەرمیل نەوت و داهاتە نانەوتییەکان، بەڵام تا ئێستا دیارنییە بەربەرستى پەرلەمان دەبرێت یاخود نا.
بڕیاریشە ئەمشەو قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆكی وەفدی دانوستاندكارى هەرێم كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لە بەغدا ئەنجامبدات بۆ خستنە رووی ڕێڕەوی كۆبوونەوەكانی حكومەتی ھەرێم لەگەڵ حكومەت و لایەنە سیاسییەكانی عێراق سەبارەت بەیاسای پڕكردنەوەی كورتھێنانی دارایی و پڕۆژە یاسای بودجەی ٢٠٢١ .