ناس کورد-کاروان مەحمود
دەستەى وەبەرهێنانى هەرێم سەرقاڵى گۆڕینى شێوازى دانەوەى قیست و قەرزى یەکەکانى نیشتەجێ بوونە دواى بەرزبوونەوەى نرخى دۆلار، یەکێک لە پێشنیازەکانیش دانەوەی قەرزەکانە بە دينار.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
محەمەد شوکری (22ی کانونی یەکەمی 2020) بە "ناس کورد"ی راگەیاند، بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەرانبەر دیناری عێراقی کاریگەی دەبێت لەسەر دانەوەی قەرزو قیستی کۆمپانیاکانی نیشتەجێوون، ئەوانەی فەرمانبەرن فشاری زۆریان لەسەر دروستدەبێت لەکاتی دانەوەی قەرز و قیستەکانیان بە کۆمپانیاکان.
وتیشى "بەمەبەستی کارئاسانی بۆ ئەو هاوڵاتییانە تاوتوێی دیاریکردنی میکانزمێکی گونجاو دەکەین بۆ ئەوانەی قەرزو قیستی کۆمپانیاکانیان لایە".
محەمەد شوکرى رونیکردەوە، هەندێک جێگرەوە بۆ ئەو پرسە دیاریکراوە یەکێک لەوانە پارەی قیست و قەرزەکان بکرێتە دیناری عێراقی بەپێی نرخى پێشوو دیاری بکرێت، یاخود نرخەکەی بەجۆرێک بێت نەبێتە بارگرانی بۆ هاوڵاتییان.