ناس کورد-کاروان مەحمود
دوای چەند مانگێک لە دەستگیرکردنی مامۆستا بەدەل بەرواری، ئەمڕۆ چووەتە لای و بینیویەتی و لەلایەن بەدەل بەروارییەوە بریکارنامەی بۆ کراوەتەوە، پارێزەرەکە دەڵێت، نەیزانیوە دۆخی تەندروستی چۆنە، بەڵام لە ڕووی جەستەییەوە زۆر لاواز بووە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
پارێزەر ئاسۆ هاشم لە لێدوانێکدا بۆ "ناس کورد" (دووشەممە 21ی کانونی یەکەمی 2020) رایگەیاند، "ئەمرۆ لەگەڵ برایەکی و ئاری کوڕی ئێمە وەکو پارێزەر سەردانی مامۆستا بەدەل بەرواریمان کرد و لە زیندان پەنجەمۆری لەسەر کردنەوەی بریکارنامەیەک بۆ ئێمە کرد، لە دوو رۆژی داهاتوو وەڵامی ئێمە دەدرێتەوە بۆ بەدواداچوونی کەیسەکەی لە ڕووی یاساییەوە."
سەبارەت بە دۆخی تەندروستی بەدەل بەرواری، پارێزەرەکە وتی، "ئێمە تەنها بینومانە و نەمان توانیووە قسەی لەگەڵ بکەین تەنها لەکاتی سڵاو و هەواڵ پرسی ئەوەندەی پێ وتوین، باشە و لەلایەن ئاسایشەکانەوە ڕێزی دەگیرێت، دۆخی تەندروستیی نازانین چۆنە، بەڵام لەرووی جەستەییەوە زۆر لاواز بووە."
باسی لەوەشکرد، "مامۆستا بەدەل لە ئاسایشی هەولێر دەستگیرکراوەو ئێمە لەوێ سەردانمان کردووە، هەرکات وەڵامی بریکارنامەکە هاتەوە لە ڕووی یاساییەوە بەدواداچوونی تەواوی بۆ دەکەین و دواتر زانیاری زیاتر لەبارەی ئازادکردنی و دۆخی تەندروستی ئاشکرا دەکەین."
مامۆستا بەدەل بەرواری، پەیوەست بە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكانی مانگی ئابی هەرێمی كوردستانەوە، بە تۆمەتی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندی، لە دهۆك دەستگیركرابوو، لەلایەن دادگای تاوانەكانی ئەو شارەوە لە رۆژی 14-10-2020 بڕیاری ئازادكردنی دراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئازاد نەکراوە.