گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

30 ملیۆن دۆلار لە ساڵێکدا

ئەو شەوەى سلێمان ’مایەپوچ بوو’

2020.12.20 - 22:07
App store icon Play store icon Play store icon
ئەو شەوەى سلێمان ’مایەپوچ بوو’

ناس کورد-

لە پێشمەرگایەتییەوە بۆ بوون بە خاوەنى دەیان ملیۆن دۆلار و "مایەپوچبوونى لەشەوێکدا"، ئەمە چیرۆکى ساڵێک ژیانى سلێمان هەڵشۆییە کە ئێستا لەو دیو شیشەکانى زیندانەوە چاوەڕوانى دیاریکردنى چارەنوسى دەکات.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

رۆژى شەممە (19ى کانونى یەکەمى 2020)، بڵاوبوونەوەى هەواڵى "مایەپووچبوونى سلێمان" دەڤەرى پشدەرى هەژاند و پەردەى لەسەر مامەڵەیەکى 30 ملیۆن دۆلارى ئەو سەرمایەدارە گەنجە لەگەڵ سەدان کەسى دیکەدا هەڵماڵى.

 

تا ساڵێک لەمەوبەر سلێمان (28 ساڵ) کە خێزاندارە و خاوەنی سێ منداڵە و دانیشتوی شاری قەڵادزێ یە، کارى سەرەکى پێشمەرگایەتی بوو، بەڵام لەپڕ ناوبانگێکى گەورەى پەیداکرد کاتێک تێکەڵ بەمامەڵەیەکى بەرفراوانى چەند ملیۆن دۆلارى بوو.

 

مستەفا  محەمەد ئامۆزای سلێمان  (یەکشەممە 20ی کانوونی یەکەمی 2020) بە "ناس کورد" ى راگەیاند، "سلێمانی ئامۆزام ساڵێک لەمەوبەر لەلایەن هاوڕێیەکیەوە تێکەڵ بەو ئیشە بووە و سەرەتا لە کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبیلەوە دەستی پێکردووە تا هاوینی ڕابردوو بە قوڵی چووە ناو ئیشەکەوە".

 

بەپێی بەدواداچونەکانى "ناس کورد"، مامەڵەى سلێمان لەگەڵ ئەو کەسانە بەچەند شێوازێک بووە، کە دیارترینیان وەرگرتنى ئۆتۆمبیل بووە لە خەڵک بە گرانتر لە نرخى بازاڕ و پێدانى پارەکان بەو کەسانە لەماوەى چەند مانگێکدا.

 

مستەفا وتی "هەر کەسێک پارەی داوە بە سلێمان  پێی وتراوە کە پارەکەی یان کەلوپەلەکەی هیچ زەمانێکیان نییە و ئەگەری هەیە بفەوتێت، بەڵام خەڵک خۆی وازیان لێی نەدەهێنا خەو خۆراکی نەمابوو بەدەست خەڵکەوە".

 

وتیشى "لە هەر کوێ بوایە بەدوایەوە بون تا ئۆتۆمبێل یاخود پارە یان هەر کەلوپەلێکی تریان لێوەربگرێت، تەنانەت کە جوابی نەدەدانەوە تەکلیفیان لە براکانی یاخود خزمەکانی دەکرد تا پارەیان لێوەربگرێت".

 

سلێمان بەو رێگەیە لەماوەی ساڵێکدا زیاتر لە (30) ملیۆن دۆلاری خەڵکی کەوتووەتەلا و ئێستا لەسەر سکاڵای (100) کەس لەلایەن پۆلیسی ڕاپەڕینەوە بەپێی ماددەى 456 کە تایبەتە بە فێڵکردن دەستگیر کراوە.

 

ئەو کەسانەى کە دەڵێن پارەیان لەلاى سلێمانە، بڕوا بە مایەپوچبوونى ناکەن و دەڵێن پارەکەیان خوراوە، بەڵام بەوتەى پۆلیس، سلێمان لە زیندان وتویەتى "مایەپوچ بووم، بەڵام پارەی ئەو خەڵکە دەدەمەوە".

 

تا ئێستا دیار نییە سلێمان چۆن "مایەپوچ" بووە و کەسوکار و بەشێک لەوانەى مامەڵەیان لەگەڵدا کردووە گومانیان هەیە، بەتایبەت کە بەوتەى بەشێک لەوانەى مامەڵەیان لەگەڵدا کردووە تا رۆژێک پێش ئەوەى بوترێت "مایەپوچ بووە" مامەڵەى بە پارەیەکى زۆرەوە کردووە.

 

"تا ڕۆژێک بەر لەوەی بچێتە هەولێر سلێمان هیچ کێشەی نەبوو، بەڵام کاتێک شەوەکەی هاتەوە نە ئۆتۆمبێل و نە پارە هیچی پێ نەمابوو"، مستەفا وایوت.

 

دەشڵێت "براکەی بەدوایدا چووەو هێنایەتەوە، پێڵاوەکانی قوڕاوی ببون وەک بڵێی دار لەسەری درابێت وابوو هیچی نەدەوت، ئێستاش نازانین ئەو پارەی چۆن و لەکوێ سەرف کردووە بەڵام گومانمان هەیە کە لێی سەندرابێت".

 

سلێمان ئێستا لە زیندان بەتەنها نییە، بەڵکو چەند کەسێکى دیکەش لەگەڵیدا دەستگیرکراون و بڕیارە سبەینێ رێوشوێنەکانى دادگاییکردنیان دەستپێبکات.

 

"ئەو رۆژەى کە سلێمان ئیفلاس بوونى راگەیەنرا لەلایەن خەڵکەوە، شەوەکەى کاتژمێر 10 بەبەهاى 50 دەفتەر دۆلار ئۆتۆمبیل و شتى وەرگرتووە"، ئەمە وتەى یەکێک لەو کەسانەیە بۆ "ناس کورد" کە پارەى لەلاى سلێمانە.

 

ئەو کەسە کە ئامادەنەبوو ناوى بهێنرێت ئۆتۆمبیلێکى بە نرخى 125 وەرەقە داوەتە سلێمان بۆ ماوەى چوار مانگ، لەکاتێکدا نرخەکەى 80 وەرەقە بووە، دەڵێت "سلێمان دزییەکى زۆرى لێکراوە، چەند پێشانگایەکى کڕین و فرۆشتنى ئۆتۆمبیلى هەبووە و ئەو رۆژەى مایەپوچبوونى راگەیەنرا، ئەوانەى لەگەڵیدا بوونە سەرجەم ئۆتۆمبیلەکانیان بردووە".

 

سلێمان لە مامەڵەکانیدا پشتى بە بەڵگەنامەى فەرمى و یاسایی نەبەستووە، تەنها وەسڵێکى بەناو و واژۆى خۆیەوە بۆ ئەو کەسانە کردووە.

 

 

یەکێکى تر لەوانەى پارەى لەلاى سلێمانە بۆ "ناس کورد" وتى "مامەڵەکە بەمەرج نەبووە و تا ئێستا کێشەى نەبووە و پارەى خەڵکى داوەتەوە، بەڵام لە پڕ کە شتەکە روویدا کەس نازانێت چۆن بووە، شتێکى لەپشتەوەیە".

 

جگە لە ئۆتۆمبیل، سلێمان دەمانچە و ئاژەڵیشى بە نرخى دوو هێندە یان کەمتر لەخەڵک وەردەگرت و خۆى راستەوخۆ بە نرخى راستەقینە دەیفرۆشت و مۆڵەتى چەند مانگێکى بۆ ئەو کەسە دادەنا تا پارەکەى پێبدات.



"سلێمان پلانى هەبوو تا سەرى ساڵ زۆربەى پارەى خەڵک بداتەوە، لەکاتژمێر 10 ى ئەو شەوەى مایەپوچبوونى راگەیەنرا بەڕێکەوتووە بۆ شوێنێک بەمەبەستى جێبەجێکردنى پلانەکە، بەڵام ئەوەى بەسەرهاتووە، کە رەنگە پلانێک بێت بۆ لەکەدارکردنى، قسە هەیە کە دەرمانخوارد کرابێت"، یەکێک تر لەوانەى پارەى لەلاى سلێمانە وایوت.

 

وتیشى "هیچ ئیفلاس بونێک نییە، ئەگەر وابوایە رەنگە برۆیشتایەتە دەرەوەى وڵات یان خۆى بیوتایە، دەمانەوێت بزانین راستى ئەو رووداوە چییە".

 

ئەوانەى مامەڵەیان لەگەڵ سلێمان کردووە کەسانى جۆراوجۆرن و لەهەموو چین و توێژەکانى تێدایە، دەوترێت هەندێ کەسى تێدایە کە خاوەنى بڕوانامەى بەرزن.



شۆڕش ئیسماعیل، وتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند "لە دوێنێوە زیاتر لە 100 سکاڵا لەسەر سڵێمان هەڵشۆیی تۆمارکراوە و تائێستاش بەردەوام خەڵک دێن بۆ سکاڵا تۆمارکردن، زۆرترین سکاڵاکارەکانیش ئۆتۆمبێلیان پێداوە و ناوبراو فرۆشتوویەتی و وتوویەتی، قازانجتان دەدەمێ."   

    

باسی لەوەشکرد، "سلێمان لەکاتی ڕادەستکردنی بە پۆلیس هیچ بڕە پارەیەکی پێنەبووە و لە گرتن و گواستنەوەی ڕاپەڕین دەستبەسەرە و ئەو کەسانەشی سکاڵایان لەسەر تۆمارکردووە، دۆسییەکانیان جیادەکرێتەوە و دواتر دەبرێتە بەردەم دادوەر بۆ ئیفادە دان."