گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریى

ئایا كاردانەوەكان دەتوانن بڕیاری بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار رابگرن؟ 

2020.12.20 - 21:15
App store icon Play store icon Play store icon
ئایا كاردانەوەكان دەتوانن بڕیاری بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار رابگرن؟ 

ناس كورد-

كاردانەوەكانی بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر دینار لە دوو رۆژی رابردوودا بەسەر یەكدا هەر كەڵەكە دەبن، لەدوا پێشهاتیشدا بووەتە كێشە لەنێوان هەندێك لە هێزە سیاسییە شیعەكان، بەڵام ئاماژەكان بەرەو ئەوەن كە بارودۆخی ئابووری رەوشەكە ئاراستە دەكات تا هەڵوێستە سیاسییەكان.

 

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

دوای ئەوەی رۆژی شەممە (19 كانونی یەكەمی 2020) وەزارەتی دارایی عێراق نرخی فرۆشتنی 100 دۆلاری بەرزكردەوە بۆ 145 هەزار دینار، كاردانەوە سیاسی و پەرلەمانییەكان پەیتا پەیتا رادەگەیەنرێن بەبێ ئەوەی زۆربەیان دیدگایەكی ڕوونیان تێدا بێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی دۆخی ئێستای داتەپیوی ئابووری عێراق لەسایەی خەرجییەكی زۆری موچەدا بەتایبەت بۆ هێزە ئەمنییەكان.

 

بانكی ناوەندی عێراق كە پەیوەندیداری یەكەمە بەنرخ گۆڕینەكە لە ئێستادا لای سائیرونی سەدرە، كەچی موقتەدا سەدری رێبەری رەوتەكە لە تویتێكدا (19 كانونی دووەم) ئاماژەی بەوەكردووە بانكەكە گیرۆدەی گەندەڵییە، جگە لەوەش رەخنەی گرتووە لە "تعویم _ ئازادكردن" ی نرخی دۆلار، لەكاتێكدا پرۆسەكە بەرزكردنەوەی نرخە نەك دەست بەردانی تەواوەتی لەپاڵپشتیكردنی دۆلار. جگە لەم رەخنەیە سەدر هیچ هەنگاوێكی رانەگەیاندووە سەبارەت بەبڕیارەكەی دارایی و بانكی ناوەندی.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە  

 

پەرلەمانتارێكی لیستی فەتح موعین كازمی، كە نزیكە لە هادی عامرییەوە، سائیرونی سەدری تۆمەتباركردووە بەوەی رێگرن لەوەی لێپرسینەوە لە پارێزگاری بانكی ناوەندی بكرێت، حەسەن كەعەبی جێگری سەرۆكی پەرلەمانیش كە سەدرییە جگە لەهەڕەشەی تۆماركردنی سكاڵای یاسایی لەسەری ناوبراو تۆمەتبار دەكات بە گەندەڵی و پارەداركردنی پرۆژەی وەهمی ئەوكاتەی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای بەغدا بووە. 

حیزبی دەعوەی ئیسلامی بەسەرۆكایەتی نوری مالیكی، هاوپەیمانێتی نەسری حەیدەر عەبادی، بەرەی توركمانی، هەندێك لە پەرلەمانتارانی سائیرون و پەرلەمانتارانیتری لیستە شیعەكان رەخنە لەبڕیاری بەرزكردنەوەی نرخی دۆلار دەگرن، بەڵام وەزیری دارایی عێراق عەلی عەلاوی پێشتر رایگەیاندووە كە هەنگاوەكە بەئاگاداری و رەزامەندی لیستە سیاسییەكان گیراوەتەبەر و "ئامانج لێی بەرگرتنە لە داڕمان". ئەوەی جێگەی سەرنجیشە هیچ كاردانەوەیەكی فەرمی لەهەرێمی كوردستانەوە بەرامبەر بڕیارەكە نییەو فراكسیۆنە كوردییەكانیش تا ئێستا بەیاننامەیان لەو بارەیەوە دەرنەكردووە.

 

 

پەرلەمانتار و سیاسەتوانی سوننە، مشعان جبوری لەتویتێكدا (20 كانونی یەكەمی 2020) نووسیویەتی ئەوانەی ناڕازین بە بڕیارە نوێیەكانی حكومەت لەبارەی دینار و دۆلار دەبێت پلانێكی جێگرەوە پێشكەش بكەن كە خەرجكردنی موچەی فەرمانبەرانی عێراق مسۆگەر بكات. جبوری دەشڵێت "گەل باجی سیاسەتە داراییە گەمژەكانی حكومەتە یەك لەدوا یەكەكان و گەندەڵی زۆر و زەوەند دەدات".

 

بەپێی ئەو مشتومڕەی لەمیدیاكاندا بڵاوە حكومەتی عێراق بۆ دابینكردنی خەرجییەكانی دوو بژاردەی لەبەردەست بووە كە: لێ بڕینی موچە و بەرزكردنەوەی نرخی دۆلار بووە بۆ ئەوەی دیناری زیاتری دەست بكەوێت لە فرۆشی نەوت بەدۆلار، بەڵام دووەمیانی هەڵبژاردووە كە ئەویش هەر یەكسانە بەلاوازكردنی هێزی شت كڕینی خەڵك بۆ كاڵای بیانی بەرێژەی نزیكەی 20%.

 

لەلایەكیترەوە ئەو لیستانەی دژی بەرزكردنەوەی نرخی دۆلارن مژدەی ئەوە دەدەن بە فەرمانبەران كە دژی كەمكردنەوەی موچەكانیان دەوەستنەوە، یان رێگربوون، بەتایبەت كە ئێستا وەرزی هەڵبژاردنە، بەڵام هەندێ چالاك و میدیاكاری عێراقی باس لەوە دەكەن بژاردەی لێ بڕینی مووچە ئازاری كەمتر دەبووە تا بەرزكردنەوەی نرخی دۆلار بەوپێیەی موچەخۆران رێژەیەكی دیاریكراوی خەڵكی عێراقن بەڵام باجدەرانی نرخی دراو هەموو خەڵكی وڵاتن.

 

ئەپی نوێی ناس کورد دابەزێنە بۆ بینینی بەپەلە و هەواڵەکان: بۆ ئایفۆن - بۆ گالاکسی - بۆ هواوى  

 

 

لەپاش ئەوەی ئەمڕۆ (20 كانونی یەكەم) وەزارەتی دارایی و بانكی ناوەندی بەفەرمی بڕیارەكەیان خستە بواری جێبەجێكردنەوە، زیاتر لەپەرلەمانتارێك و یاساناس و شارەزایەكی دەستوری بۆ "ناس كورد" یان روونكردەوە كە پەرلەمان لەرووی یاساییەوە ناتوانێت دەستوەردان لە سیاسەتی نەختینەیی عێراقدا بكات كە ئەوە ئەركی تایبەتی بانكی ناوەندییە لەپێش هەموویەوە دیاریكردنی نرخی دراو.

 

لە ئێستاشدا كە بڕیارەكە چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە، داواكارییەكان لەسەر ئەوەن حكومەت رێوشوێنی پێویست و تایبەت بگرێتە بەر بۆ كەمكردنەوەی ئاسەواری نرخ گۆڕینەكە، لەم میانەیەشدا د. یاسین ئەلبەكری كە ئەكادیمییەكی عێراقییە، لە شیكارێكدا كە وێنەی لای "ناس كورد" هەیە باس لەوە دەكات ئەم هەنگاوە بەهیوای راستكردنەوەی ئابووری گیراوەتە بەر كە "كوشتەی گەندەڵی و لیژنەی ئابووری حیزبەكان و سیاسەتی هەڵەكانی پێشووە"، بەڵام دەبێت كاردانەوەی خەڵك لەبەرچاو بگرێت و سەقفی چاكسازی نزمتر بكاتەوە بەبێ ئەوەی دەستبەرداری ببێت. ئەلبەكری، باسی لەوەش كردووە پێویستە پاش ئەوە حكومەت سیاسەتی پاراستنی چینە هەژارەكان پەیڕەو بكات یان لەو جیاوازی نرخە كۆمەكیان بكات.

 

 

لەلای خۆشییەوە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران دوێنێ شەممە رایگەیاند، ئەو زەرەرمەندی یەكەم دەبێت لە بریاری بەرزكردنەوەی نرخی دراو بەوپێیەی رەخنەی زۆری دێتە سەر، بەڵام عێراق لەبەردەم دوو بژاردەدایە؛ پاشاگەردانییەكی ئاڵۆز یان نەشتەرگەرییەكی "قەیسەری" بۆ چاكسازی،. سەرۆك وەزیرانی عێراق رەتیكردەوە بۆ هەڵبژاردن گاڵتە بەخەڵك بكات و سیاسەتی ناڕاستی كورت مەودا پیادە بكات.

 

ئەم لێدوانەی كازمی لە لەئێستا عێراق دووچاری دۆخێكی دارایی سەخت بووە، بەهۆی هەڵاوسانی زۆری موچە كە تێچوونی خەرجی مووچە 120% ی فرۆشی عێراقە لەنەوت بەتەنها، ئەمە جگە لە خەرجییەكانیتری بەگەڕخستن و وەبەرهێنان و حاڵەتی كتوپڕ و بژاردنەوەی قەرزە دەرەكییەكان، هەروەها بەهۆی هەرزانی نرخی دراوەوە لەچاو دراوسێكانی توركیا و ئێران بووەتە بازاڕێكی گەرم بۆ ساغكردنەوەی كاڵاكانیان لەسەر حسابی بەرهەمی ناوخۆیی.