ناس کورد-
هاوپەیمانێتى نەسر بە سەرۆکایەتى حەیدەر عەبادى لەسەر دابەزاندنى بەهاى دینار هاتە دەنگ و ڕایگەیاند، ئەو ڕێوشوێنانە زیان بە هەژاران دەگەیەنێت و پێویستە ئەو کارانە بکرێت کە کاتى خۆى عەبادى بۆ چارەسەرکردنى دۆخەکە کردى.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە ڕاگەیەنراوێکدا کە کۆپیەکى بەدەستى "ناس کورد" گەیشتووە، هاوپەیمانى نەسر لە پەرلەمانى عێراق (20ى کانونى یەکەمى 2020) دابەزاندنى بەهاى دینار لەبەرامبەر دۆلاردا ڕەت دەکاتەوە و ڕاشیگەیاندووە، دابەزاندنى بەهاى دینارى عێراقى و سنوردارکردنى داهاتى هاوڵاتیان ڕەت دەکەنەوە.
ئاماژەى بۆ ئەوەش کردووە، "ئەو ڕێوشوێنانەى جەنگن لەدژى خەڵکى هەژار و ئەوانەى کە داهاتیان سنوردارە."
هاوپەیمانێتیەکەى عەبادى دەشڵێت، "ترسمان لەوەیە نەتوانرێت نرخى دینار لەم دۆخە سەختەدا جارێکى تر کۆنتڕۆڵبکرێتەوە و بەهاى خۆى لەدەستبدات."
هاوپەیمانى نەسر ئەوەشى خستووەتەڕوو، دەتوانرێت ڕێوشوێنى باشتر بگیرێتە بەر بەشێوەیەک تێچووى کەمتر بێت هاوشێوەى پڕۆژە بودجەکانى سەردەمى کابینەکەى عەبادى لەساڵانى نێوان 2015 بۆ 2018.
ئەو هاوپەیمانێتیە کە قورساییەکى پەرلەمانى هەیە، داوا دەکات، ئەو ڕێوشوێنانە بگیردرێتەبەر کە کاتى خۆى عەبادى بۆ چارەسەرکردنى دۆخەکە گرتیەبەر، ئەوەش بە مەبەستى دورخستنەوەى زیانەکانى قەیرانەکانى ئێستا.
دواى دیاریکردنى دابەزاندنی نرخى دینارى عێراقى لە بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە، کاردانەوەى جۆراوجۆر لەعێراقدا سەریهەڵداوەتەوە و داواى چارەسەرکردنى دۆخەکە دەکرێت.