گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

حەیدەر عەبادی: عێراق لەڕووی هەواڵگری و لۆجستییەوە پێویستی بە هاوکاریی هێزە بیانییەکان هەیە

2019.03.06 - 18:16
حەیدەر عەبادی: عێراق لەڕووی هەواڵگری و لۆجستییەوە پێویستی بە هاوکاریی هێزە بیانییەکان هەیە

 

 

ناس کورد-

 

سەرۆکی هاوپەیمانی نەسڕ و سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق ئاماژە بۆ ئەوە دەکات لە کاتی شەڕی داعشدا ڕێگرییان کردووە لە بوونی هێزی بیانی شەڕکەر لەسەر خاکی عێراق، هەروەها باس لەوەش دەکات لە ئێستادا لە ڕووی هەواڵگری و لۆجستییەوە عێراق پێویستی بە هاوکاریی هێزە بیانییەکان هەیە.

 

حەیدەر عەبادی سەرۆكی هاوپەیمانی نەسر و سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق لە میانەی گفتوگۆیەکدا لە دیداری سلێمانی ڕایگەیاند، پێویستە پەرلەمانی عێراق و لیژنەکانی لە چوار ساڵی داهاتوودا کارابێت و لەلایەن هیچ هێزێکی سیاسییەوە کۆنترۆڵ نەکرێت.

 

لەبارەی بوونی هێزی بیانیشەوە لەسەر خاکی عێراق، عەبادی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد ئەوان وەک حکومەت لەکاتی شەڕی داعشدا رێگرییان کرد لە بوونی هێزی بیانیی شەڕکەر لەسەر خاکی عێراق، "چوونکە هێزەکانی عێراق توانای ئەو شەڕەی هەبوو و تێیدا سەرکەوت، بۆیە ڕۆڵی هێزە بیانییەکان کەمکرایەوە بۆ ڕاوێژکاریی و ڕاهێنان."

 

عەبادی باسی لەوەش کرد لەسەردەمی کابینەکەی ئەودا پڕۆژەیاسایەکیان ئامادەکردبوو بۆ کەمکردنەوەی ئەو هێزانە لە عێراق، "بەڵام بەهۆی گەرمبوونی شەڕی داعش لە سوریا ئەو پڕۆژەیە دواخرا، ئێستا هەوڵدەدەین پڕۆژەکە لە پەرلەمان کارابکەینەوە، بەتایبەت دوای ئەوەی داعش بەرەو کۆتایی دەچێت."


سەرۆکی هاوپەیمانی نەسڕ کە لەسەردەمی کابینەکەی ئەودا کۆتایی بەداعش لە عێراق هێندرا، جەختی کردەوە کە حکومەتی بەغدا پێویستی بە هاوکاریی لۆجستی و هەواڵگریی ئەو هێزە بیانیانە هەیە، "چونکە تیرۆر ڕێکخراوێکی جیهانییە و پێویستە هەموو جیهان هاوکاربن بۆ لەناوبردنی."