گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

پارتی لەسەر واژووی یەكێتی بۆ مانەوەی پارێزگاری كەركوك هاتەدەنگ

2019.05.19 - 18:04
پارتی لەسەر واژووی یەكێتی بۆ مانەوەی پارێزگاری كەركوك هاتەدەنگ
ناس كورد- شەهرام عەزیز پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر واژووی ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك لەپشكی یەكێتی و رێككەوتنیان لەگەڵ لایەنی عەرەبی و توركمانی ئەنجوومەنەكە بۆ مانەوەی ڕاكان جبوری وەك پارێزگاری كەركوك تا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، هاتە دەنگ و رێككەوتنەكە بە نایاسایی ناودەبات. . عەدنان كەركوكی، ئەندامی سەركردایەتی پارتی لە كەركوك بە ناس كورد-ی ڕاگەیاند "ئەو ڕێككەوتنە بۆ دابەشكردنی پۆستەكانی پارێزگای كەركوك سەرلەبەری نایاساییە، چونكە بەپێی یاسای كارپێكراوی ئێستای ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك پارێزگار یاریدەدەری نییە بۆ هەندێك كاروباری دیاریكراو". . سەركردەكەی پارتی سەرسوڕمانی خۆی دەربڕی بەوەی "یەكێتی شەڕی پارێزگار لەگەڵ پارتی دەكات و دەیبەخشێتە ڕاكان جبوری". . كەركوكی ئاماژەی بەوە كرد، لایەنی دووەمی نایاسایبوونی رێككەوتنەكە ئەوەیە كە محەمەد كەمال سەرۆكی لیستی برایەتییە نەك كاكە ڕەش سدیق كە بەناوی لیستی برایەتییەوە واژووی كردووە و ئەوەش كارێكی نایاساییە. . بەگوێرەی بەڵگەنامەیەك كە لە رۆژی 16ی نیسانی 2019 واژووكراوە و وێنەیەكی دەست (ناس كورد) كەوتووە، هەریەك لە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و لایەنە عەرەبیی و توركمانەكانی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك رێككەوتوون لەسەر مانەوەی راكان جبوری وەك پارێزگاری كەركوك بە وەكالەت. . لە نووسراوەكەدا هەریەكە لە كاكەڕەش سدیق ئەندامی لیستی برایەتی لە پشكی یەكێتی و سەرۆكی كوتلەی عەرەبی و توركمانی لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك واژۆیان كردووە و لە خاڵی یەكەمدا ئاماژە بەوەكراوە، راكان سەعید جبوری وەك پارێزگای كەركوك بە وەكالەت تا ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەن لە پۆستەكەی بمێنێتەوە. . عەدنان كەركوكی هەڵوێست و كرداری كادرانی یەكێتی لەبارەی كەركوكەوە بە دووفاق ناودەبات و دەڵێت "پێم سەیرە "كاكە ڕەش سدیق" كەسێكە بەرپرسی ماددەی 140ە بچێت واژوو بۆ مانەوەی پارێزگارێكی عەرەب بكات، كە بە وتەی خۆشیان ڕاكان جبوری بەهەموو شێوەیەك دژایەتی كورد دەكات". . وتیشی، سەرم سوڕماوە لەو هەڵوێستە جیاوازانە، دەپرسم یەكێتی بۆچی شەڕی پۆستی پارێزگاری كەركوك لەگەڵ پارتی دەكات و ماوەیەكی زۆر پێكهێنانی حكومەت دواخرا لەسەر پۆستی پارێزگاری كەركوك، بەڵام ئێستا واژوو دەكەن بۆ مانەوەی ڕاكان جبوری لەو پۆستەدا. . سەركردایەتییەكەی پارتی بەدووریزانی بەمزووانە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك بكرێت و جەختی كردەوە "ئەگەر بەپێی ئەو ڕێككەوتنە بێت، ڕەنگە ڕاكان جبوری دوو ساڵی تر پارێزگاری كەركوك بێت". . عەدنان كەركوكی هەڵوێستی كۆتایی حزبەكەی بۆ ناس كورد ئاشكرا كرد بەوەی بەهەموو شێوەیەك ئەو رێككەوتنە رەتدەكەنەوە و وتی"لەگەڵ هەندێك لایەنی دیكەدا، نووسراوێك دەدەینە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو ڕێككەوتنە". .