گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڕێگریکردن لە دابەزاندنی دینار

یاساناسێکی عێراق دوو پێشنیاز بۆ ڕێگریکردن لە بڕیاری دابەزاندنی بەهای دینار دەخاتەڕوو

2020.12.19 - 23:06
App store icon Play store icon Play store icon
یاساناسێکی عێراق دوو پێشنیاز بۆ ڕێگریکردن لە بڕیاری دابەزاندنی بەهای دینار  دەخاتەڕوو

ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح

شارەزایەکی عێراقی لەبواری یاسا و دەستور دەڵێت، کەمکردنەوەی بەهای دینار بەپێچەوانەی دەستورە و پەرلەمان دەتوانێت ئەو بڕیارە ڕەتبکاتەوە لەیاسای بودجە، دەشڵێت، ئەگەر پەرلەمانیش یاساکەی پەسەندکرد ئەوە دەتوانرێت لە دادگای فیدڕاڵی تانە لە بڕیارەکە بدرێت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

عەلی تەمیمی، شارەزای عێراقی لەبواری یاسا و دەستورلە لێدوانێکی تایبەتدا( 19ی کانوونی یەکەمی 2020) بە" ناس کورد" ڕایگەیاند، " کەمکردنەوەی بەهای دینار بە پێچەوانەی ماددەکانی 30 و31ی دەستوری عێراقییەوەیە کە جەختدەکەنەوە لەسەر پابەندبوونی حکومەت لە دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ هاووڵاتیان و فەراهەمکردنی داهاتێکی گونجاو بۆیان".

 

وتیشی، "لەهەمانکاتدا یاسای ژمارە 56ی ساڵی 2004 جەختیلەوەکردووەتەوە، کەبانکی ناوەندیی عێراق، دەستەیەکی سەربەخۆیە و تەنها ئەو دەتوانێت نرخی دیناری نیشتیمانی بەرانبەر بە دراوەکانی دیکە دیاری بکات".

 

ئەو یاساناسە عێراقییە ڕوونیشکردەوە، "پەرلەمانی عێراق دەتوانێت بڕگەی کەمکردنەوەی بەهای دیناری عێراقی لە پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2021 دا ڕەتبکاتەوە و جارێکی دیکە یاساکە بگەڕێنێتەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران، ئەگەر پرۆژە یاساکەش لە پەرلەمان پەسەندکرا ئەوا دەتوانرێت لە دادگای فیدراڵی تانەی لێبدرێت".

 

عەلی عەلاوی، وەزیری دارایی عێراق لە میانەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەونیدا ( 19ی کانوونی یەکەمی 2020) ڕایگەیاند، " بۆلەمەودا وەزارەتی دارایی دۆلارێک بە نرخی 1450 دینار بە بانکی ناوەندی دەفرۆشێت،بڕیاریشە بانکی ناوەندی بە 1490 دینار دۆلار بخاتە بازارەوە".

 

ئەمڕۆ( شەممە 19ی کانوونی یەکەمی 2020 ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی مستەفا کازمی لەبارەی پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021 کۆبووەوە و پەسەندکردن و رەوانەکردنی بۆ پەرلەمان دواخرا بۆسبەی یەکشەممە.