ناس کورد-
قائیمقامییەتی قەزای چەمچەماڵ لەبارەی کڕینی ئۆتۆمبێلێکی کیلۆمەتر سفر بۆ ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ئۆتۆمبێلەکە بۆ قائیمقامییەتە نەک قائیمقام و لەکاتی جێهێشتنی پۆستەکەیدا قائیمقام ئۆتۆمێلەکە ڕادەست دەکاتەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە ڕوونکردنەوەیەکدا قائیمقامییەتی قەزای چەمچەماڵ (شەممە 19ی کانوونی یەکەمی 2020) ڕایگەیاند، "چەند ڕۆژێکە میدیا و سۆشیال میدیا سێبەرەکان حەملەیەکی ناڕەوایان دژی قائیمقامی چەمچەماڵ دەستپێکردووە و بابەتی نوسراوێکی وەزارەتی ناوخۆیان کردووەتە هەواڵی گەرمی سایتەکانیان. "
ئاماژەی بەوەشكردووە، " ئێمە لە قائیمقامیەتی چەمچەماڵ ڕایدەگەیەنین وەک چۆن لە نوسراوی وەزارەتی ناوخۆ بەژمارەی ١٧٨٧٠ لە ٥/ ١١/ ٢٠٢٠ دا هاتووە ئۆتۆمبیل بۆ قائیمقامیەتی چەمچەماڵ وەک فەرمانگە کڕدراوە نەک وەک شەخس، ئەو ئۆتۆمبیلە موڵکی فەرمانگەکەیە و قائیمقام لەکاتی جێهێشتنی پۆستەکەی ئۆتۆمبیلەکەی جێ دەهێڵێت وەک چۆن بەڕێز قائیمقامی پێشوو هەمان کاری کردووە ."
ئەوەش هاتووە، "سەبارەت بە داواکاری بۆ کڕینی ئەو ئۆتۆمبیلە قائیمقام هیچ داواکارییەکی شەخسی بۆ ئەو مەبەستە پێشکەش نەکردووە و کڕینی ئۆتۆمبیل بۆ قائیمقامیەتی چەمچەماڵ لە چوارچێوەی کڕینی شەش ئۆتۆمبیلی تر بووە بۆ فەرمانگەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ( هاتوچۆ ، پۆلیس، بەرگری شارستانی ، دارستان )ی چەمچەماڵ و کردنەوەی سێ بنکەی پۆلیس و فەرمانی کردنەوەی پاسپۆرت و بەشی بەرگری شارستانی چەمچەماڵ و تەواوکردنی کارەکانی فەرمانگەکانی کارتی نیشتیمانی لەئاغجەلەر و سەنگاو . "
قائیمقامیەتی قەزای چەمچەماڵ جەختیشیکردووەتەوە، "دووبارەی دەکەینەوە کە ئۆتۆمبیل موڵکی شەخسی قائیمقام نیە و تایبەتە بە قائیمقامیەت و ئەو ئۆتۆمبیلەشی کە تا ئێستا قائیمقامیەت بەکاری هێناوە دراوە بە بەڕێوەبەرایەتی ناحیەی تەکیە کە تا ئێستا ئۆتۆمبیلیان نیە ."
بەگوێرەی نوسراوێکی وەزیری ناوخۆی هەرێم، لە مانگی ڕابردوودا دوو ئۆتۆمبێل بە بڕی زیاتر لە 177 ملیۆن دینار بۆ قائیمقامییەتی قەزای چەمچەماڵ و بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی کڕدراوە.