گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڕوونکردنەوە لەسەر پشکى هەرێم

وەزیرى دارایى عێراق ڕوونکردنەوە لەسەر پشکى هەرێم لە بودجە دەدات

2020.12.19 - 21:35
App store icon Play store icon Play store icon
وەزیرى دارایى عێراق ڕوونکردنەوە لەسەر پشکى هەرێم لە بودجە دەدات

ناس کورد- 

وەزیرى دارایى عێڕاق ڕایگەیاند، ئەگەر هەرێم پابەند بێت بە ڕێکەوتنەکەوە و پەرلەمانیش لە پرۆژە یاساى بودجە پەسەندى بکات ئەوا پشکى هەرێم دەنێرن، جەختلەوەشدەکاتەوە کە گۆڕانکارى لە نرخى دراو کەمتر زیان بە چینى هەژار دەگەیەنێت و بەم هەنگاوە دەیانەوێت پشتبەستن بە هاوردە کەمبکەنەوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

عەلى عەلاوى وەزیرى دارایى عێراق لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ ژمارەیەک ڕۆژنامەنوس (شەممە 19ى کانونى یەکەمى 2020) سەبارەت بە هەنگاوى بەرزکردنەوەى نرخى دۆلار بەرامبەر دینار و زیانەکانى لەسەر هاووڵاتیان بەتایبەتى چینى هەژار وتى، "ئەم هەنگاوە کەمتر زیان بە چینى هەژارەکان دەگەیەنێت، ماوەیەکى زۆرە بەدەست زیانەکانى بەرزى دراوەوە دەناڵێنین و ببووە هۆى وەستانى ئابوریى."

 

باسى لەوەشکرد، "هەروەها بەم هەنگاوەمان دەمانەوێت هاوردە کەمبکەینەوە و زیاتر پشت بە بەرهەمى ناوخۆیى ببەستین، بازاڕەکانمان بەهۆى کاڵاى هاوردەکراوەوە خنکابوون، هەنگاوەکانمان ئابورى عێڕاق بەرەو باشتر دەبات."

 

وەزیرى دارایى عێڕاق لە درێژەى قسەکانیدا ئەوەشى ڕونکردەوە، "هەنگاوى بەرزکردنەوەى نرخى دۆلار بەرامبەر دینار هەنگاوێکى چاکسازییە و هەلى کارى زیاتر دەڕەخسێنێت، ئەگەر هەنگاو نەنێین ئەوا چەند مانگێکى تر یەدەگى عێڕاق کۆتایى دێت."

 

هەرچى سەبارەت بە هەنگاوەکانە دەربارەى موچە وتى، بڕى موچە و دەرماڵەکان زۆرە و بودجە بەرگەى ناگرێت، دەرماڵەکان کراونەتە خشتە و کەمدەکرێنەوە، ئامانجیش لەم هەنگاوان دروستکردنى هاوسەنگییە.

 

سەبارەت بە پشکى هەرێمى کوردستانە لە بودجە وتى، "پشکى هەرێم لە بودجە 12.67%ەو هەرێم بڕێک نەوت لەڕێگەى کۆمپانیاى سۆمۆوە هەناردە دەکرێت و ئەوەشى خۆى هەناردەى دەکات لەپشکى هەرێم دەبڕدرێت و ئەوەى دەمێنێتەوە بۆى دەنێردرێت."

 

ڕونیشیکردوەوە، ئەوکاتە ئەگەر پەرلەمان ڕەزامەندى لەسەر پرۆژە یاساى بودجە و چۆنێتى حسابکردنى پشکى هەرێمدا ئەوا جێبەجێ دەکرێت، ئەوەشى ئاشکراکرد کە هەرێمى کوردستان 6 بۆ 7 دۆلار کەمتر لە عێڕاق نەوت دەفرۆشێت.