ناس كورد-
ڕێبەری ڕەوتی سەدر لە عێراق بانکی ناوەندی بە دیلی دەستی گەندەڵکاران ناودەبات و داوادەکات ئەو دامەزراوەیە لە گەندەڵکاران ڕزگار بکەن، دەشڵیت، دەستبەرداری حکومەت لە پاڵپشتیکردنی دراوی نیشتیمانی ئەگەری هەیە وڵات لە قەیرانێکەوە هەڵبداتە ناو قەیرانێکی دیکەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر لەعێراق، لە میانەی بڵاوکردنەوەی تویتێک لەهەژماری فەرمیی خۆی لە تویتەر ( 19ی کانوونی یەکەمی 2020) کە"ناس کورد" بەدواداچوونی بۆکردووە، ڕایگەیاند، " بانکی ناوەندی و بانکەکانی دیکەی عێراق دیلی دەستی گەندەڵگاران وگەندەڵیین، بۆیە دەبێت حکومەت و پەرلەمان بە شێوازێکی پسپۆڕانە کاربکەن بۆ ڕزگاکردنی ئەو دامەزراوەیە".
ئەوەشی نوسیوە، "دەستبەرداری حکومەت لە پاڵپشتیکردنی دراوی نیشتیمانی چەکێکی دووسەرەیە و تەنها نابێتە هۆکاری برەودان بە چاکسازی، ئەگەری هەیە وڵات لە قەیرانێکەوە هەڵبداتە ناو قەیرانێکی دیکە، تاکە زەرەرمەندیش لەو دۆخە تەنها قوت و دەرامەتی ڕۆژانەی هاووڵاتیان دەبێت".
ئەوە لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ ( شەممە 19ی کانوونی یەکەمی 2020) وەزیری دارایی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند،" بۆ لەمەودا وەزارەتەکەی دۆلارێک بە نرخی 1450 دینار بە بانکی ناوەندی دەفرۆشێت، بڕیاریشە بانکی ناوەندی بە 1490 دینار دۆلار بفرۆشێت وبیخاتە بازارەوە".
وتیشی، "بودجەی 2021 بۆدجەیەکی چاکسازیکارە وکەسیش ناتوانێت نکۆڵی لەوە بکات".
وەزیری دارایی عێراق ڕاگرتنی دامەزراندنی لەساڵی 2021دا ڕایگەیاند و وتی، "تەنها ئەو پلە وەزیفیانە بەدەردەبن لە دامەزراندن کە لە کۆتایی ئەمساڵدا بڕیاری لەسەردراوە".
ئەمڕۆ ( شەممە 19ی کانوونی یەکەمی 2020 ) ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی مستەفا کازمی لەبارەی پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021 کۆبووەوە و پەسەندکردن و رەوانەکردنی بۆ پەرلەمان دواخرا بۆسبەی یەکشەممە.