گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دەنگۆی کوشتنی بەدەل بەرواری

کوڕێکی بەدەل بەرواری لەبارەی دەنگۆی ’’کوژرانی باوکی’’ ڕوونکردنەوە دەدات

2020.12.19 - 20:30
App store icon Play store icon Play store icon
کوڕێکی بەدەل بەرواری لەبارەی دەنگۆی ’’کوژرانی باوکی’’ ڕوونکردنەوە دەدات

ناس کورد-

لەدوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی کوشتنی مامۆستا بەدەل بەرواری لە ئاسایشی هەولێر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کوڕێکی ناوبراو دەڵێت، ئەوانیش وەک خەڵک ئەو دەنگۆیانەیان بیستووە و نازانن ڕاستە یاخود نا، بەڵام چارەنوسی باوکی نازانن.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئەمڕۆ شەممە 19ی کانوونی یەکەمی 2020، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنگۆیەک بڵاوبووەوە کە گوایە "مامۆستا بەدەل بەرواری کە ماوەی چەند مانگێکە دەسگیرکراوە ئەمڕۆ لە ئاسایشی هەولێر لەژێر ئەشکەنجەدان -دا کوژراوە."

 

لەوبارەیەوە ئاری بەدەل بەرواری بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، "ئێمەش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەو دەنگۆیانەمان بیستووە و هیچ شتێکمان پێنەوتراوە لەسەر بابەتێکی لەوشێوەیە، هەرچەندە دەنگۆکە بێ سەرچاوەیە، بەڵام خۆ ئەگەر ڕاستیش بێت ئێمە نازانین."

 

وتیشی، "لەئێستادا نازانین چارەنوسی باوکم چییە و لەکوێیە و چی بەسەر هاتووە، دایکم و منداڵەکانمان لە بارودۆخێکی زۆر خراپ دان."

 

کوڕەکەی مامۆستا بەدەل بەرواری ئاماژەی بەوەشکرد، " لایەنە ئەمنییەکان نە پێمان دەڵێن لەکوێیە و نە ڕێگەش دەدەن بیبینین، بەنیازم سبەینێ هەوڵ بدەم تاوەکو زانیارییەکمان دەستبکەوێت دەربارەی."

 

جەختیشیکردەوە، لەڕێگەی چەندین ڕێکخراوی نێودەوڵەتییەوە هەوڵمانداوە بۆ ئازادکردن و دیاریکردنی چارەنوسی باوکم، بەڵام تاوەکو ئێستا بێ سوود بووە."

 

مامۆستا بەدەل بەرواری، كە لە پەیوەست بە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكانی مانگی ئابی هەرێمی كوردستانەوە، بە تۆمەتی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندی، لە دهۆك دەستگیركرابو، لەلایەن دادگای تاوانەكانی ئەو شارەوە لە رۆژی 4/10/2020، بڕیاری ئازادكردنی دراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئازاد نەکراوە.  

 

کوڕەکەی بەدەل بەرواری دەڵێت، ئەوکاتەی دادگا بڕیاری ئازادکردنی باوکی دا، بەڵام لە پۆلیس ئازادکرا و ئاسایش دەستگیریکرد، دەشڵیت، "تاوەکو ئێستا یەک جار ڕێگەیان داوە بیبینن."