ناس کورد-
بەمەبەستی تاووتوێکردنی چۆنێتی دەستپێکردنەوەی خویندن، وهزیری پهروهردهی هەرێم لهگهڵ سهرجهم بهڕێوهبهرایهتییه گشتییهكان كۆبووهوه و ناس کورد زانیویەتی، یەکێک لە پێشنیازە سەرەکییەکان دەستپێکردنەوەی خوێندن بووە لە نزیکی ناوەڕاستی مانگی داهاتوودا و لە کۆتایی هەفتە یاخود سەرەتای هەفتەی داهاتوو بڕیاری لەسەر دەدرێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەمڕۆ (شەممە 19ی کانوونی یەکەمی 2020) وەزیری پەروەردەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بەیاوەرى ڕاوێژکاران و بەڕێوبەرەگشتییەکان و بەڕێوەبەری پەروەردەی قەزا و پارێزگاکانى هەولێر و سلێمانى و دهۆک و ئیدارەى گەرمیان، لە هوتیل دیدەمانى شارى هەولێر کۆبووەوە.
وەزارەتی پەروەردە لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، " کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە تاوتوێکردنى پلانى وەزارەت بۆ کۆبوونەوەى لیژنەى باڵاى رووبەروبوونەوەى کۆرۆنا و چۆنیەتی دەست پێکردنەوەی پرۆسەى خوێندن لە قوتابخانەکانى هەرێمى کوردستان ."
سەرچاوەیەکی تایبەت کە لە کۆبوونەوەکەدا بەشداربوو بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، "لە کۆبوونەوەکەدا سەرجەم بەرپرسانی پەروەردە ڕا و بۆچوونی خۆیان لەسەر چۆنێتی دەستپێکردنەوەی خوێندن داوە، بەڵام هیچ بڕیارێک نەدراوە لەوبارەیەوە."
بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی دەست "ناس کورد" کەوتوون، یەکێک لە پێشنیازەکان کە ئەگەری هەیە بڕیاری لەسەر بدرێت، ئەوەیە کە لە نزیکی ناوەڕاستی مانگی کانوونی دووەم (1) خوێندن دەستپێبکاتەوە و تاوەکو ئەوکاتەش میکانیزمەکانی دیاریبکرێن.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد، لەکۆتایی ئەم هەفتەیە یاخود سەرەتای هەفتەی داهاتوو، ئەنجومەنی وەزارەتی پەروەردە لەگەڵ لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەویە کۆرۆنا کۆدەبنەوە و پێشنیازە گەڵاڵەکراوەکانی ئەمڕۆ بۆ لیژنەکە دەخەنەڕوو و بڕیارێک لەوبارەیەوە دەدرێت.
لەدوای هەڵکشانی ئامارەکانی کۆرۆنا لەماوەی ڕابردوودا، لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا بڕیاری ڕاگرتنی خوێندنی لە هۆڵەکانی خوێندن دا، لەسەرەتای ئەم مانگەشدا بڕیارەکەی تاوەکو 7ی کانوونی دووەم درێژکردەوە.
لەئێستادا ئامارەکانی ڕۆژانەی توشبوون بە کۆرۆنا بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیون و ڕۆژانە لەنێوان 150 بۆ 200 توشبووی نوێ تۆماردەکرێن.