کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس كورد-وریا حسێن ناس كورد ئاشكرایدەكات چەند كەسێك لە خانەوادە و كەسوكاری لە زیندان سەردانی شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەكەن، بەگوێرەی وتەی سەرچاوەیەكی تایبەتیش "شاسوار لە ئاسایش لە زیندانی تاكە كەسی بەندكراوە و نیگەرانە". . ڕۆژی 15ی ئەم مانگە شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ پاش ئەوەی چووە بەردەم دادگای سلێمانی بۆ وەرگرتنی وتە سەبارەت بە كەیسی هەڕەشەكردن لە "شادی نەوزاد" پەرلەمانتاری نەوەی نوێ، بەڵام لەلایەن هێزێكی ئاسایشی سلێمانیەوە دەستگیركرا. . بەگوێرەی سەرچاوەیەكی ئاگادار بۆ ناس كورد شاسوار عەبدولواحید لە ئاسایشی سلێمانی لە زیندانی تاكەكەسی بەندكراوە و لەلایەن دادوەری ئاسایشەوە لێكۆڵێنەوە لێدەكرێت تائێستا كەیسەكەی ڕەوانەی دادگا نەكراوە. . ئەو سەرچاوەیە ئەوەی بۆ ناس كورد ئاشكرای كرد ئاسایش دوێنی 18ی ئایار ڕێگەی داوە چەند كەسێك لە بنەماڵەكەیی و هاوڕێكانی كە پێكهاتبوون لە (كازم فاروق سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی كوردستان، سروە عەبدولواحید خوشكی شاسوار عەبدولواحید و خێزانی شۆخان حسێن، ڕەحمان غەریب ڕێكخەری سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لەمافی ڕۆژنامەنووسان). . سروە عەبدولواحید خوشكی شاسوار عەبدولواحید كە یەكێك بووە لەو كەسانەی لە ئاسایش چاوی بە سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ كەوتووە، هەواڵەكەی بۆ ناس كورد پشڕاستكردەوە وتی "بەڵی لە ئاسایش چەند كەسێك چاومان بەشاسوار كەوت و گفتوگۆمان لەگەڵ كرد". . لەبارەی بارودۆخی سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، سروە عەبدولواحید جەختی لەسەر ئەوە كردەوە ئەوان ناو زیندانەكەی شاسواریان نەبینیوە بەڵكو ئەوان لەناو بینای ئاسایش چاویان پێی كەوتووە، وتی"نیگەران بووین لەو دۆخەی ئەوی تێدایە چونكە بەڕوونی دیارە كە گرتنەكەی سیاسیە و كەیسەكەی نادرێت بەدادگا". وتیشی"دۆخی تەندروستی شاسوار عەبدولواحید و هەموو گیراوەكانی دیكەش لەئەستۆی ئاسایش دایە". . هاوكاتی قسەكانی سروە عەبدولواحید، سەرچاوەكەی ناس كورد دڵنیاییدا دۆخی تەندروستی و دەرونی سەرۆكی جوڵانەوەی نوێ باشە، بەڵام نیگەرانە لەوەی تائێستا كەیسەكەی لەئاسایش ماوەتەوە و جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە پێویستە كەیسەكەی بڕواتە بەردەم دادگا.. . سەردانەکە لە کاتێکدایە کە بەگوێرەى زانیارییەکانى (ناس کورد) لە سێ رۆژى رابردوودا سروە عەبدولواحید سەردانى بەرهەم ئەحمەد ساڵح سەرۆک کۆمارى عێراق کردووە و داواى لێکردووە کە لەو دۆسیەیەدا دەستێوەردان بکات و نێوەندگیری بکات. . هەر لەو بارەیەوە كازم فاروق سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لەپەرلەمانی كوردستان ئەوەی دووپاتكردەوە كەیسەكە یاساییە بەڵام بەسیاسی كراوە و بە ناس كورد-ی وت"ئەو ماددەیەی شاسوار عەبدولواحیدی پێ دەستگیركراوە، ماددەی "مۆبایل"ە دەكرێت دادوەر هەر ئەو ڕۆژە ئازادی بكات و یان دەكرا هەر دەستگیر نەكرێت". . سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لەپەرلەمانی كوردستان ئاماژە بۆ كارەكانی تیمی پارێزەرانی شاسوار عەبدولواحید دەكات كە گومانیان خستووەتە سەر چەند لایەنێكی كەیسەكە لەوانەش كەیسەكە دەبوو لە پۆلیس بێت نەك لەئاسایش چونكە ماددەكە تایبەتە بە پۆلیس پاشان هێشتنەوەی بۆ ماوەی 3 ڕۆژ لە ئاسایش كە هاوڵاتی ئاسایی ئەوەندە ناهێڵرێتەوە ج جای كەسێكی دیاری وەكو شاسوار عەبدولواحید، وتیشی "كەیسەكە فویتێكراو و بەسیاسی كراوە، بۆیە سەلامەتی گیانی شاسوار عەبدولواحید لەئەستۆی هێزە ئەمنیەكانی سلێمانیدایە". .