گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پەیوەندی بە هەرێمەوە هەیە

لیژنەى دارایی پەرلەمان سێ هۆکاری دواکەوتنی پڕۆژەیاسای بودجە ئاشکرا دەکات

2020.12.19 - 08:47
App store icon Play store icon Play store icon
لیژنەى دارایی پەرلەمان سێ هۆکاری دواکەوتنی پڕۆژەیاسای بودجە ئاشکرا دەکات

ناس کورد-

ماجد وائیلی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق باس لە سێ هۆکاری سەرەکی دەکات کە بووەتەهۆی دواخستنی ناردنی پڕۆژەیاسای بودجەى 2021 لە حکوتەوە بۆ پەرلەمان کە یەکێکیان پەیوەندی بە هەرێمەوە هەیە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ماجد وائیلی لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەی سەباحی فەرمی کە "ناس کورد" بەدواداچوونی بۆ کردووە (19ی کانونی یەکەمی 2020) دەڵێت، "هۆکاری یەکەم کە سەرەکییە بریتییە لەو مادەیەی کە باس لە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات، کۆبوونەوەکەى چوارشەممەى پێشووی شاندی هەرێم لەگەڵ پەرلەمانتاران لە پەرلەمان ڕێگەخۆشکەر بوو بۆ جێگیرکردنی ئەو مادەیە لە پڕۆژەیاسای بودجە وەک ئەوەى لە یاسای قەرزەکاندا هەیە، بەڵام ئەوەش پێویستی بە هەوڵ و ڕێکاری هەردوولایە بە تایبەت دوای ئەوەى داوا لە کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراقی کرا کە بڕی نەوتی هەناردەکراوی هەرێم دیاری بکات."

 

وتیشی، ئەوە سەرباری داهاتە نانەوتییەکانی وەک دەروازە سنورییەکان و باج و داهاتی شارەوانییەکان لە هەرێمی کورستان.

 

ماجد وائیلی باسی لە هۆکاری دووەم کرد کە بریتییە لە نرخی دۆلاری ئەمریکی لە بازاڕەکانی دراو لە عێراق، "ئەوەش بەشێکە لەو سیاسەتە نەختینەییەی کە حکومەت پەیڕەوی دەکات لەم قۆناغەدا بۆ چارەسەرکردنی بەشێک لە کێشە دارایی و ئابورییەکانی وڵات و دەیەوێت نرخی دۆلار بەرز بێت."



دەشڵێت، "ئەرکی بانکی ناوەندیی عێراق کۆنتڕۆڵکردنی نرخەکانە لە بازاڕەکان بەوپێیەی ئەو بانکە جڵەوی نرخی دراوەکانی گرتووە جا ئیتر کڕینی بێت یاخود فرۆشتنی."


باسی لەوەشکردووە، "هۆکاری سێیەم بریتییە لە هەوڵی کەمکردنەوەى بڕی کورتهێنان تا ئەوپەڕی توانا دوای ئەوەى لایەنە سیاسییەکان ناردنی پڕۆژەیاساکەیان بەبێ بوونی ڕێکاری پێویست بۆ کەمکردنەوەى ئەو کورتهێنانە ڕەتکردەوە."


ئەو ئەندامەى لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق جەختی کردەوە کە "دوای چارەسەرکردنی ئەو سێ بابەتە، پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی داهاتوو ئامادەیە بۆ ناردنی بۆ پەرلەمان."