گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لە بازاڕی دۆلارەکە چ باسە؟

بۆ قازانج کردن دۆلار بکڕیت یاخود دینار؟.. شارەزایەک وەڵامدەداتەوە

2020.12.18 - 14:11
App store icon Play store icon Play store icon
بۆ قازانج کردن دۆلار بکڕیت یاخود دینار؟.. شارەزایەک وەڵامدەداتەوە

ناس کورد-

ئەگەرچی لەئێستادا نرخی 100 دۆلار بەرامبەر 132.500 دیناری عێراقییە، بەڵام ئەمڕۆ هەینی لە بازاڕەکانی دراو گەیشتووەتە 137.500 دینار و مامەڵەکەرێکی دراویش ڕێنمایی هاووڵاتیان دەکات، لەئێستادا هیچ مامەڵەیەک بە دراوەوە نەکەن و خۆیان توشی زیان نەکەن.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

جەمال عەبدولقادر، مامەڵەکەری دراو لە بازاڕی دۆلارەکەی شاری سلێمانی (هەینی 18ی کانوونی یەکەمی 2020) بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، بەهۆی ئەو خواستە زۆرەی لەسەر دۆلار هەیە، ئەمڕۆ ئەگەرچی بازاڕی دراویش نییە، بەڵام نرخی 100 دۆلار گەیشتووەتە 137.500 دیناری عێراقی.

 

وتیشی، "هۆکارێکی سەرەکی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلارە کڕینی دۆلارێکی زۆرە لەلایەن خەڵکەوە، زۆر کەس هەیە موڵک و ئۆتۆمبێل دەفرۆشێت و دۆلار دەکڕێت، یاخود پارەی دانراوی هەیە و دۆلار دەکڕێت، بەوەش نرخی دۆلار زیاتر بەرزدەبێتەوە."

 

یەکیک لەو هۆکارانەی کە وای کردووە خواست لەسەر دۆلار زۆر بێت، ئەوەیە کە لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2021-دا نرخی 100 دۆلار بەرامبەر 145.000 دینار دانراوە، ئەوەش وای کردووە، هاووڵاتیان ڕوو لە کڕینی دۆلار بکەن بۆ ئەوەی دواتر لە ئەگەری بەرزبوونەوەی نرخەکەیدا بیفرۆشنەوە.

 

ئەو شارەزایەی بازاڕی دراو، ئاماژەی بەوەکرد، " ئامۆژگاری هاووڵاتیان دەکەم ئەوانەی کاری کڕین و فرۆشتنی دراو ناکەن، پارەکانیان لە ماڵەوە دابنێن و هیچ موڵکێکیش نەفرۆشن بۆ کڕینی، چونکە دیارنییە لە ڕۆژانی داهاتوودا چی ڕوودەدات."

 

بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر دینار لە پڕۆژەیاسای بودجەدا، پێویستی بە پەسەندکردنە لە پەرلەمان و ئەگەری هەیە ڕەتبکرێتەوە و پەسەند نەکرێت، دواتر نرخی دۆلار داببەزێتەوە.

 

جەمال عەبدولقادر ئاماژەی بەوەکرد، "لە بازاڕدا بەشێک لە هاووڵاتیانیش هەن، دینار دەکڕن بەهیوای ئەوەی پڕۆژەیاساکە پەسەند نەکرێت و نرخی دۆلار داببەزێتەوە، بەڵام لە هەموو حاڵەتەکاندا ئامۆژگاری ئەو کەسانە دەکەم کە کاریان مامەڵەکردن نییە بە دراوەوە، ئەو کارە نەکەن و خۆیان توشی زیان نەکەن."

 

نرخی فەرمیی دراوەکان:

100 دۆلار: فرۆشتن = 132.500 دینار

100 دۆلار: کڕین = 130.000 دینار

100 دۆلار = 2.480.000 تمەن

100 یۆرۆ = 122.5 دۆلار

100 پاوەن = 135.47 دۆلار

100 دۆلار = 773 لیرەی تورکی