ناس کورد-
وتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجە لەبارەی کوژرانی دوو کەس لە ماڵێکدا زانیاری زیاتری بڵاوکردەوە و ناسنامەی ئەو کەسانەی ئاشكراکرد، ئاماژەی بەوەشكرد، تاوەکو ئێستا نازانرێت لەلایەن کێوە و بە چ هۆکارێک کوژراون.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
موقەدەم بەرزان عوسمان، وتەبێژئ پۆلیسی هەڵەبجە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا (هەینی 18ی کانوونی یەکەمی 2020) ڕایگەیاند، " لە ماڵێک لە گەڕەکی شارەوانی لە هەڵەبجە تەرمی دوو کەس دۆزراوەتەوە کە کوژراون و ئاسەواری فیشەک بە جەستەیانەوە هەیە."
وتیشی، یەکێکیان تەمەنی 41 ساڵە و ناوی دیوان حەمەشەریفە و ئەوی دیکەیان تەمەنی 22 ساڵە و ناوی هاوکار بەختیارە و خزمی یەکترن و کاکەیین، لەئێستاشدا تەرمەکانیان لە پزیشکی دادی هەڵەبجەیە.
وتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجە دەربارەی دەنگۆی کوژرانی ئەو دوو کەسە لەسەر قەرزاری باسی لەوەکرد، لەئێستادا هیچ شتێک دیارنییە و نازانرێت هۆکاری ڕووداوەکە چییە و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامە.
باسی لەوەشکرد، ڕووداوەکە شەو ڕوویداوە و شەو کوژراون، ناشزانرێت لەلایەن کەسێکەوە کوژراون یاخود زیاترەوە، دوو چەک لە ماڵەکەدا هەیە و بە هەردووکیان تەقە کراوە و دەستیانبەسەردا گیراوە.