ناس کورد-
پەرلەمانتارێکی عەسائیبی ئەهلی حەق هەڕەشە لەو کەس و لایەنانە دەکات کە تێوەگلاون لەپلانگێڕی دژبە ئابوریی عێراق و بوونەتە هۆکاری داڕمانی، دەشڵێت، بەهۆی سیاسەتی نەختینەی شکستخواردوو وبوونی گەندەڵی لەمەزادی دراوەکاندا، بەڕێوەبەری بانکی ناوەندی بانگهێشتی پەرلەمان دەکەن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
عەدنان فێحان، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق، سەربە گروپی عەسائیبی ئەهلی حەقی سەربە قەیس خەزعەلی لەمیانەی بڵاوکردنەوەی تویتێک لەهەژماری خۆی لە تویتەر( 18ی کانوونی یەکەمی 2020) کە" ناس کورد" بەدواداچوونی بۆ کردووە ڕایگەیاند، "هێزی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی بە هەموو شێوەیەک کاردەکەن بۆ برسیکردنی گەلی عێراق وداڕمانی ئابورییەکەی".
دەشڵێت، " ئەو هێزانە لەڕێگەی پێشکەشکردنی پاداشتی وەک پارە، پۆست و مانەوە لەسەرشانۆی سیاسیی، ئەو کارە دەکەن، هەندێ جاریش لە ڕێگەی چاو سورکردنەوە دەیانەوێت بگەن بە مەرامەکانیان، ئەوەش لە ڕێگەی هەڕەشەکردن بە ئاشکراکردنی دۆسیەی گەندەڵی، ئابلوقە و ڕاماڵین لەسەر شانۆی سیاسی".
پەرلەمانتارەکەی عسائیب هەڕەشەی لەو کەسانەش کردووە کە دەستەمۆی ئەو لایەنە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەنان و دەڵێت، " ئێوە بەهیچ شێوەیەک ئێمە ناترسێنن، ئابوریی عێراق و سەروەری خاکەکەی لە پێش هەموو شتێکەوەیە بۆ ئێمە".
لەبەشێکی دیکە تویتەکەیدا ئەوەشی نوسیوە، " بەردەوام دەبین لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئابوریی نێوان عێراق وچین و تەواوکردنی بەندەری فاو، بەڕێوەبەری بانکی ناوەندیش بانگهێشتی پەرلەمان دەکەین بەهۆی ئەو سیاسەتە نەختینە شکستخواردووەی کە لە ئێستادا پەیڕەوی کردووە و لە هەمانکاتیشدا بەهۆی ئەو گەندەڵییەی کە لە ئێستادا لە مەزادی فرۆشتنی دراوەکاندا دەگوزەرێت.