ناس کورد-
عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان تۆمارێکی ڤیدیۆیی و دەنگیی سەبارەت بە هێنانی ماسی و ئاژەڵ بە قاچاخ لە دەروازەی سنوریی باشماخ بڵاوکردەوە کە تیایدا کەسێک دەڵێت، 200 تۆن ماسی دانراوە بۆ ئەوەی بە قاچاخ داخڵی هەرێمی بکەن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
عەلی حەمەساڵح،لە فەیسبوکی فەرمیی خۆی گرتەیەکی ڤیدیۆیی و تۆمارێکی دەنگیی سەبارەت بە هێنانی ماسی و ئاژەڵ بە قاچاخ لە دەروازەی سنوریی باشماخەوە بڵاوکردەوە.
ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان ئاماژەی بەوەکردووە، "بەھۆی ھێنانی ئاژەڵ و ماسی قاچاخەوە، جگە لە یاساشکێنێ، تەندروستیی ھاوڵاتیان لەبەردەم مەترسیەکی گەورەدایە، بەرپرسیاری یەکەمیش سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەیین کە ڕێگای لێناگرن."
ئەوەشی خستووەتەڕوو، "بەبێ گومرگ و بەبێ ھیچ پشکنین و کەرەنتینەیەک، ڕۆژانە ھەزاران ئاژەڵ لەلایەن بەرپرسەکانەوە داخڵدەکرێن، ھێزە ئەمنیەکانیش لە بازگەکان بەڕێی دەکەن، بەپێی وتەی پزیشکانی ڤێتەنەری ئەمە مەترسی گەورەیە بۆ تەندروستی ئاژەڵ و مرۆڤ.."
دەشڵێت، "ھێنانی ماسی بەفەرمی قەدەغەیە بۆ پشتیوانی بەرھەمی ناوخۆ، بەھۆی ئەم قاچاخیەوە سامانی ماسی کە زیاتر لە ھەزار حەوز و بژێوەی ھەزاران خێزانە لە ناو دەچێ، ھەزاران خێزانی کوردستانیش کە لەسەر ئاژەڵداری دەژین تووشی زیانی گەورەبوون."
ئاماژەی بەوەشكردووە، "بەرپرسەکان لە ئۆتۆمبیل و ھێلگە و جگەرە و فەرشەوە بۆ مەڕو گا و ماسی بە قاچاخ داخڵدەکەن و مانگانە دەیان ملیۆن دۆلاریان دەستدەکەوێت، ئیدی گلەیی چی لە عێراق دەکەن موچەی خەڵک نادات، ئێوە لە خەمی موچەی خەڵکدا بان گەندەڵی و قاچاخیتان بەسەرەوە نەدەکردن."