ناس کورد-
بانکى ناوەندى عێراق سێ رێوشوێنى ئاشکراکرد کە لەبارەى نرخى دۆلارەوە دەیگرێتەبەر، دواى هەڵکشانى نرخەکەى بەرانبەر دینار بۆ ئاستێکى پێوانەیی.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
فەرمانگەى راگەیاندنى پەرلەمانى عێراق (پێنجشەممە 17ی کانوونی یەکەمی 2020) رایگەیاند، لەکۆبوونەوەى لیژنەى دارایی و پارێزگارى بانکى ناوەندى تاوتوێی روبەربوونەوەى لێکەوتە نەرێنییەکانى بەرزبوونەوەى نرخى دۆلاریان کردووە لەسەر هاوڵاتییان بەتایبەت هەژار و کەمدەرامەت.
لە راگەیەنراوى کۆتایی کۆبوونەوەکەدا کە وێنەیەکى دەست "ناس کورد" کەوتووە ئاماژە بەوەکراوە، لەکۆبوونەوەکەدا باس لەو رێوشوێنانە کراوە کە بانکى ناوەندى دەیگرێتەبەر بۆ رێگرتن لە قۆستنەوەى بارودۆخەکە.
لاى خۆیەوە، پارێزگارى بانکى ناوەندى رونکردنەوەیداوە لەبارەى بەرزبوونەوەى نرخى دۆلار و جەختیکردووەتەوە چەند رێوشوێنێک دەگرنەبەر بۆ ساڵى 2021 وەک تەرخانکردنى سێ ترلیۆن دینار بۆ هەژاران، دوو هێندەکردنى خستنەڕووى دۆلار لە بازاڕ، لەگەڵ زیادکردنى رێژەى سود لەسەر دانانى دینار لە بانکەکان.
لەلایەکى ترەوە لیژنەى دارایی داوایانکردووە حکومەت رەچاوى دۆخى هاوڵاتیان بکات، بەرەنگارى هەڵاوسان ببێتەوە و پارێزگارى لە بەشە خۆراک بکات.