ناس کورد-
هەردوو هاوسەرۆکى یەکێتى رایانگەیاند، چیتر رێگەنادرێت کێشمەکێش و قەیرانەکان کاریگەرییان لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵک ھەبێت و بەرنامەکەیان بۆ چاکسازیی دەخەنە بوارى جێبەجێکردنەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەو هەڵوێستە هاوبەشە لەکۆبوونەوەیەکدا راگەیەنرا کە ئەمڕۆ (پێنجشەممە 17ی کانوونی یەکەمی 2020) لەنێوان بافڵ تاڵەبانی و لاھور شێخ جەنگی ھاوسەرۆکانی یەکێتی، محەمەد حاجی مەحمود سکرتێری حزبی سۆسیالست لە دەباشان بەڕێوەچوو.
بەپێی راگەیەنراوى کۆبوونەوەکە کە وێنەیەکى دەست "ناس کورد" کەوتووە، لەکۆبوونەوەکەدا ھاوسەرۆکان بەڕاشکاوی ئاماژەیان بەھەستیاری دۆخەکە کرد و جەختیان لە بڕیاری یەکێتی کردەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ بەغدا و یەکخستنی ھەڵوێستەکان.
دەشڵێن "دەمانەوێت پێکەوە ماڵی کورد رێکبخەینەوە و بەرنامەی چاکسازی جێبەجێبکەین، لەگەڵ بەغدا کێشەکانمان لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەربکەین و ژیان و گوزەرانی کۆمەڵانی خەڵکیش باشتربکەین".
هاوسەرۆکانى یەکێتى جەختیانکردووەتەوە، چیتر رێگەنادرێت کێشمەکێش و قەیرانەکان کاریگەرییان لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵک ھەبێت "بۆ ئەوەش یەکێتی بەرنامەکانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و قەیرانی دارایی لە ئەرزی واقیعدا جێبەجێدەکات".
هەروەها رونیان کردووەتەوە "لەیەکەم ھەنگاوماندا لە بەغداوە دەستمانپێکردووە، بە چەند قۆناغێکش پرۆسەی چاکسازی کە بەرنامەی یەکێتییە دەیخەینە بواری جێبەجێکردنەوە".