ناس کورد-
پڕۆژە یاساى بودجەى 2021 ى عێراق چوارچێوەیەکى بۆ چارەسەرکردنى کێشەى نەوت و بودجە و موچەى فەرمانبەران لەنێوان هەرێم و بەغدا دیاریکرد، کە هەردوو حکومەت چاویان لەپەسەندکردنیەتى لەپەرلەمان بۆ ئەوەى کێشەکە چارەسەر بێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
دانانى ئەو دوو ماددەیە، دواى دانوستانێکى چەند رۆژەى چڕو پڕى نێوان هەرێم و بەغدا هات بۆ چارەسەرى کێشەى نەوت و بودجە، بەڵام هێشتا پرۆژەکە قۆناغى سەختى تێنەپەڕاندووە کە پەسەندکردنیەتى لەلایەن پەرلەمانەوە.
بەگوێرەى رەشنووسى بودجەى فیدراڵى 2021 کە وێنەیەکى دەست "ناس کورد" کەوتووە، لە بەشى سێیەمى پڕۆژەکەدا و لە ماددەى 10دا باس لەوەکراوە، دیاریکردنى پشکی هەرێمی کوردستان لە کۆی گشتی خەرجی کرداریی بەپێی ژمارەى دانیشتوان دەبێت کە لەلایەن وەزارەتى داراییەوە و بەرەزامەندى سەرۆک وەزیران خەرجدەکرێت، بەڵام پشکەکە بەتەواوى دیارینەکراوە.
هەروەها لە ماددەى 11 ى پڕۆژەکە رێگەچارەى یەکلاییکردنەوەى شایستە داراییەکانى هەرێم و بەغدا خراوەتەڕوو بۆ ماوەى ساڵانى 2004 بۆ 2020، لە رێگەى وردبینى دیوانى چاودێرى دارایی هەردولاوە.
هەر لەو ماددەیەدا هەرێمى کوردستان پابەندکراوە بە رادەستکردنى 250 هەزار بەرمیل نەوت و فرۆشتنى لەرێگەى سۆمۆوە، سەربارى پابەندکردنى هەرێم بە رادەستکردنى داهاتى نەوتى و نانەوتى بە خەزێنەى دەوڵەت.
بەڵام سەبارەت بە موچەى هێزەکانى پێشمەرگە لە پرۆژەکەدا دژیەكی هەیە جارێك لە بودجەی سیادییەو جارێكیتر لە بودجەی هەرێم، بەو پێیەى هەرێم پابەندکراوە بە خەرجکردنی مووچەی پێشمەرگە بۆ ساڵی 2021 لە پشکى خۆى لەگەڵ هەژمارکردنی قەرەبووی فەرمانبەران.
لەئەگەرى پابەندنەبوونى هەرێم بە رادەستنەکردنى داهاتەوە، پرۆژەکە جەختیکردووەتەوە لەسەر بڕینى پشکى دیاریکراو لە بەشە بودجەکەى.
هەروەها لە پڕۆژەکەدا حکومەتى هەرێم پابەندکراە بە پێدانى ئامارى قەرز و پابەندبوونە داراییەکانى نێوان ساڵانى 2014-2019 بە وەزارەتى دارایی عێراق.
سەبارەت بە خەرجى گواستنەوەى نەوت، لە پڕۆژەکەدا باس لەوەکراوە کە بەغدا پابەند دەبێت بە پێدانی خەرجی گواستنەوەی نزیکەی 350 هەزار بەرمیل رۆژانە لە نەوتی خاوی هەناردەکراو، لەگەڵ 250 هەزار بەرمیل نەوت لە نەوتی هەرێم و 100 هەزار بەرمیل لە چوارچێوەی پشکی هەرێم.
لەگەڵ ئەوەشدا جەختکراوەتەوە لەسەر پێبژاردنى قەررزى بانکى بازرگانى عێراقى TBI (چەکى مقاولەکان) لەساڵى 2021 ەوە بە شێوازى قیست لەو پشکەى بۆ هەرێم دیاریدەکرێت.
لە پڕۆژەکەدا داهاتى عێراق بە 91 تریلیۆن دینار خەمڵێنراوە و رێژەى کورتهێنان بە 58 تریلیۆن دینار.
هاوکات لەرەشنووسى بودجەکەدا ژمارەى فەرمانبەرانى عێراق بە 3 ملیۆن و250 هەزار خەمڵێنراوە و لەنێویاندا فەرمانبەرانى هەرێم بە 682 هەزار.
هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە ٤١ تریلیۆن و نیو دینار بۆ موچەیە و شەش تریلیۆن بۆ موچەى ترە و خانەنشینان 20 تریلیۆن و دەستەبەرى کۆمەڵایەتى 9,6 تریلیۆن و سوى قەرز 4,6 تریلیۆن و بژاردنى قەرزى دەرەکى 6,8 تریلیۆن دینار.
بەگوێرەى پڕۆژەکە کەمکردنەوەى دەرماڵەى سەرجەم فەرمانبەرانى حکومەت دەگرێتەوە ناوەندى و خۆجێى بەپێى ریژەى دیاریکراو بۆ هەر فەرمانبەرێک بەم جۆرەى خوارەوە:
مەترسى لە %50، میواندارى لە %20، دەرماڵەى هەڵاواردە %20، خۆراک لە %33، بڕوانامە لە %50، مەقتوعە لە %40، دەرماڵەى تایبەت لە % 60، خزمەتى زانکۆیى لە %60.
هەر لە پڕۆژەکەدا پێشنیارى بەرزکردنەوەى نرخى بەنزین لە450 بۆ 540 دینار بۆ هەر لیترێک کراوە.
بەگوێرەى رەشنوسى بودجەى فیدراڵى 2021 داهاتى عێراق بە 91 تریلیۆن دینار خەمڵێنراوە و رێژەى کورتهێنان بە 58 تریلیۆن دینار.
هەر بەگوێرەى ئەم رەشنوسە حکومەت نرخى دۆلار لە بانکى ناوەندیی بەرزدەکاتەوە بۆ 145 هەزار دینار بۆ هەر 100 دۆلارێک.
بەگوێرەى سەرچاوەکان ئەم رەشنوسە هێشتا بەراییە و قابیلى گفتوگۆکردنە و پەسەند نەکراوە و رەخنە لەوە گیراوە کە ئەو هەنگاوە کارى بانکى ناوەندییە بەڵام حکومەت پیشنیارى کردووە .