ناس كورد-
شاندى مامۆستایانى ناڕازى گەیشتنە بەغدا و لەگەڵ ژمارەیەک لەسەرکردە دیارەکانى عێراقدا کۆدەبنەوە و سەرچاوەیەک لە بەغدا رایگەیاند، شاندەکە تا ئێستا پشتیوانیەکى باشیان بۆ گواستنەوەى موچەى فەرمانبەرانى هەرێم بۆ سەر بەغدا بەدەستهێناوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
سەرچاوەیەکى ئاگادار لەبەغدا (17ى کانوونى یەکەمى 2020) بە "ناس کورد"ى ڕاگەیاند "لەلایەن پەرلەمانتاران د.ڕێبوار کەریم و غالب محمەد و سەرکەوت شەمسەدینەوە دیدارێکى فراوانى بەرپرسانى بەغدا بۆ ژمارەیەک لەمامۆستایانى ناڕازى هەرێم لەسەر پرسى گواستنەوەى موچەى فەرمانبەرانى هەرێم بۆ سەر حکومەتى فیدراڵ ڕێکخراوە و ئەو شاندەش لەبەغدان و دەستیانکردووە بە دیدارى سەرکردە دیارەکانى عێراق.
وتیشى، دوێنێ (چوارشەممە) شاندى مامۆستایانى ناڕازى سەرۆک کۆماریان بینووە و ئەمڕۆش عەمار حەکیمى ڕابەرى ڕەوتى حیکمەیان بینووە و وابڕیارە ژمارەیەک لەسەرکردە شیعەکانى تر ببینن.
بەوتەى سەرچاوەکەى "ناس کورد"، وابڕیارە ئەمڕۆ شاندى مامۆستایانى ناڕازى لەگەڵ پەرلەماندا کۆببنەوە و داواکارییەکەیان بۆ ئەو مەبەستە دەخەنە ڕوو.
سەرچاوەکە ئاشکراشى کرد تا ئێستا پشتیوانیەکى باشی سەرکردەکانى عێراقیان بەدەستهێناوە ئەوانەى کە لەگەڵیدا دانیشتوون و سەردانەکەیان ئەرێنێیە و پێدەچێت ئەنجامى باشى لەسەر پرسەکەیان کە داواکارى سەرەکیان گواستنەوەى موچەى فەرمانبەرانى هەرێمە بۆ بەغدا لێبکەوێتەوە.
هاوکات نوسینگەى رۆژنامەوانى سەرۆک کۆمارى عێراق راگەیەندراوێکى لەبارەى کۆبوونەوەى شاندەکە و بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆمارى عێراق بڵاوکردەوە.
لەراگەیەندراوەکەى سەرۆکایەتى کۆمارى عێراقدا ئاماژە بەوە کراوە، دوێنێ (چوارشەممە) لە بەغدا، د. بهرههم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق پێشوازیکرد لە ژمارهیهک مامۆستایانی "ناڕازی” ھەرێمی کوردستان.
له سهرهتای دیدارهکهدا ئامادهبووان کێشەکانی تایبهت بە مووچە و بژێوی مووچهخۆران و مامۆستایانیان خستهڕوو، هاوکات باسیان لەو قەیران و گرفتانەش کرد که رووبهڕووی بواری پەروەردە و فێرکردن و پڕۆسەی خوێندن لە ھەرێمی کوردستان بوونهتهوه.
دواتر سەرۆک بەرھەم باسی له رۆڵ و پێگهی مامۆستایان کرد له پێگهیاندنی نهوهی نوێ و بونیادنانی کۆمهڵگهیهکی خوێندهوار و پێگهیشتوو، لهو چوارچێوهیهدا پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ داخوازییه رهواکانی مامۆستایان و سهرجهم مووچهخۆران دووپاتکردهوه و رایگهیاند؛ قەیرانی مووچە و بژێوی خهڵک پێویستی بە چارەسەرێکی بەپەلە و ریشەیی و دەستووری ههیه، ھەروەھا روونیشیکردهوه لە دابینکردنی شایستە داراییهکان پێویستە رەچاوی دادپەروەری ههموو پێکهاته و ناوچهکان بکرێت، بهتایبهت لە یاسای بودجە و پڕکردنهوهی کورتھێنانی داراییدا، بەجۆرێک مایەی رەزامەندی ھەموو خهڵکی عێراق بێت بێ جیاوازی.