ناس كورد-
بڕیارە وەفدێکى باڵاى حکومەتى عێراق بە سەرۆکایەتى مستەفا کازمى سەرۆک وەزیران سەردانى تورکیا بکات و بەپێى زانیاریەکانیش چەندین دۆسیەى گرنگ بابەتەکانى گفتوگۆى نێوان هەردوو وڵات دەبن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
پێش سەردانى وەفدەکەى عێڕاق فوئاد حسێن وەزیرى دەرەوە گەیشتە تورکیا و زنجیرەیەک کۆبونەوەى ئامادەکارى سازکراون و باس لە دۆسیەکانى ئاسانکارى بۆ عێراقیەکان بۆ چونە تورکیا و گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنى ساڵى 2009 کراوە، ئەوەش بۆ ئەوەى وەفدە سەرەکییەکە زیاتر بە دۆسیە گەورە و ستراتیژیەکانەوە سەرقاڵ ببن.
سەردانەکە دواى دروستبونى چەند گرژیەک لەنێوان هەردولا دێت بەتایبەتى بەهۆى هێرشەکانى تورکیاوە بۆ سەر سنورەکانى هەرێمى کوردستان بەبیانوى شەڕى پەکەکە، بەپێى زانیاریەکان بڕیارە تێیدا باس لە چەند دۆسیەیەکى ستراتیژى و گرنگ بکرێت، وەک بەستنەوەى هەردو وڵات لەڕێگەى هێڵى شەمەندەفەر و ئامادەکارى بۆ چونە سەر ڕێگەى ئاوریشم و پەیوەندییەکانى نێوان هەردولا.
لاى خۆیەوە حسێن عەلاوى مامۆستاى ئاسایشى نیشتمانى لە زانکۆى نەهرەین دەڵێت، گرنگى سەردانەکە لەوەدایە دواى ماوەیەکى زۆرە لە کێشە و گرژیەکانى نێوان هەردوو وڵات، وەفدە وزارییەکەى سەرەتا گفتوگۆ لەسەر بابەتەکانى ڤیزا و هاتوچۆى هاوڵاتیانى هەردولا دەکات و سەرکردەکانى هەردولاش کە کازمى و ئەردۆگانن باس لە دۆسیە ستراتیژیەکان دەکەن لە سەروشیانەوە دۆسیەکانى ئاو، وەبەرهێنان، هەماهەنگى ئەمنى و گۆڕینەوەى بیروڕا دەربارەى کەیسە هەرێمیەکان.
بڕیارە هەر لە سەردانەکەدا گفتوگۆ لەسەر بابەتەکانى هەناردەکردنى نەوت و دەرفەتى کار بۆ عێراقیەکان لەڕێگەى چالاککردنى وەبەرهێنان و چەندین بابەتى تر بکرێن.
غالب دەعمى مامۆستاى ڕاگەیاندنى نێودەوڵەتى دەڵێت، لە سەردانەکەدا ڕێگەى نوێ بۆ کێشە کەڵەکەبوەکانى چەندین ساڵ دادەنرێت، لەوانەش دەستوەردانى تورکیا لە ناوخۆى عێڕاق و دۆسیەکانى نەوت و ئاو، هەروەها ئەنقەرە خواستێکى زۆرى هەیە بۆ کردنەوەى دەروازەى سنوریى نوێ و دروستکردنى ڕێگەى خێرا لەنێوان باشور و باکوردا.
پێشتریش فاتیح یەڵدز، باڵیۆزی تورکیا لە عێراق لەمیانەی بڵاوکردنەوەی تویتێک لە هەژماری فەرمی خۆی لە تویتەر نوسیبوى، دیداری وەزیری دەرەوەی تورکیا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراق پێش سەردانی کازمی کە بریارە ئەمڕۆ (پێنجشەممە) ئەنجامى بدات ئەوە دەگەیەنێت، پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات زۆر پتەون و لەهەمانکاتیشدا ئیرادەیەکی بەهێز هەیە بۆ پەرەپێدانی هاوکاریی بەردەوام لەنێوان هەردوو وڵاتدا.