ناس کورد-کاروان مەحمود
وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی دابەزینی نرخی کارتی هێڵەکانی پەیوەندی رونکردنەوە دەدات و ڕایگەیاند، لە نزیکترین کاتدا نوسراو ئاڕاستەی کۆمپانیاکانی پەیوەندی حکومەتی عیراقیش دەکەین لەو بارەیەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
دیلان ڕەشاد وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان (16ی کانونی یەکەمی 2020) بە "ناس کورد" ی راگەیاند، حکومەتی عێراق مۆڵەتی کارکردنی داوەتە کۆمپانیاکانی پەیوەندی و هەر گۆڕانکارییەکیش لە نرخەکان روبدات پێویستە بە ڕەزامەندی و ئاگاداری حکومەتی عێراق بێت".
وتیشى، لە سەرەتای شەڕی داعش کاتێک حکومەتی عیراق باجی زیاتری خستە سەر کۆمپانیاکانی پەیوەندی وەک پاڵپشتییەک بۆ شەڕەکە، کۆمپانیاکان باجەکەیان لەسەر هاووڵاتیان و بەشداربونیان زیادکرد و ئەوەش بووە هۆکاری بەرزبونەوەی نرخی باڵانسی هێڵەکان.
بەوتەى دیلان رەشاد، تا ئێستا وەکو وەزارەتی گواستنەوەی حکومەتی هەرێم چەندینجار داوایان کردووە ئەو باجە لەسەر کۆمپانیاکان لاببرێت تاوەکو باڵانسی هێڵەکان بەنرخی خۆی بدرێتە هاووڵاتیان و کۆمپانیاکانیش ئەو باجە لەسەر کارتی مۆبایل نەهێڵن، بەڵام حکومەتی عێراق سورە لەسەر وەرگرتنی ئەو باجە.
وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن جەختی لەوەشکردەوە، لە نزیکترین کاتدا نوسراوێکی دیکە ئاڕاستەی حکومەتی عێراق و کۆمپانیاکانی پەیوەندی دەکەن و داوادەکەن یان ئەو باجە لەسەر کۆمپانیاکانی پەیوەندی لاببرێت، یاخود کۆمپانیاکانی پەیوەندی باج لەسەر باڵانسەکان هەڵبگرن و باڵانس بەنرخی خۆی بدرێتە بەشداربووان.
لەئێستادا لە هەرێمی کوردستان نرخی کارتی پێنج هەزاری هێڵەکانی پەیوەندی بە شەش هەزار دینار دەفرۆشریت و ئەوەش بووەتە جێگەی نیگەرانی هاووڵاتیان و چەندینجار داوایانکردووە ئەو نرخانە ئاسایی بکرێنەوە و کارتی هێڵەکانی پەیوەندی بەنرخی خۆی بدرێتە بەشداربووان.