ناس کورد-
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، قوباد تاڵەبانی، بەبێ ئەوەی هیچ ڕێککەوتنێکی پێ بێت هاتە ناو پەرلەمانی عێراقەوە، دەشڵێت "شاندی حکومەتی هەرێم تائێستا ناشەفافن لەهەندێ پرسدا بەرانبەر بەحکومەتی عێراق".
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
موسەننا ئەمین، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی عێراق لەمیانەی چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا کە "ناس کورد" بەدواداچوونی بۆ کردووە (16ی کانوونی یەکەمی 2020) ڕایگەیاند "قوباد تاڵەبانی، سەرۆکی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ بەبێ ئەوەی هیچ ڕێککەوتنێکی پێبێت هاتە ناو پەرلەمانی عێراقەوە".
وتیشی "شاندی حکومەتی هەرێم تائێستا لە هەندێ پرسدا ناشەفاف بوون، شاندەکە لەناو هۆڵی پەرلەمانی عێراقدا پرسیاری زۆریان ئاڕاستە کراوە لەبارەی ئەو هەژمارە بانکییەی کە حکومەتى هەرێمی کوردستان داهاتی نەوتى تێدا دادەنێت و لەبارەی ڕیگرتن لە چوونە ژوورەوەی شاندی چاودێری دارایی عێراق بۆ ناو شاری هەولێر، بەڵام سەرۆکی شاندەکە و ئەندامانی شاندەکەش بێدەنگ بوون، وەڵامی پرسیاری پەرلەمانتارە عەرەبەکانیان نەداوەتەوە".
موسەننا ئەمین ئەوەشی وت "شاندەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشنیازی پێدانی موچەی هێزەکانی پێشمەرگەیان لەلایەن بەغداوە ڕەتکردووەتەوە کە بەگوێرەی بودجەی سیادیی عێراق لە 40 %ی بۆ هێزە چەکدارەکانی عێراق تەرخانکراوە، بوونی گەندەڵی و بندیواریی لەناو ئەو هێزەدا وایکردووە حکومەتی هەرێم نەتوانێت بە پێشنیازەکەی بەغدا ڕازی بێت".
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی عێراق باسی لەوەش کرد "دەبێت موچەی ئەو کەسانەی کە موچەخۆرنین وەک زیندانیانی سیاسی، وارسی شەهید و ئەنفالکراوەکان لە ئەستۆی حکومەتی فیدڕاڵی بێت".
وتیشی "من پێم سەیرە بۆچی حکومەتی هەرێمی کوردستان موچەی ئەو توێژەی گرتووەتە ئەستۆی خۆی، لە کاتێکدا هاوتاکانیان لەعێراق دوو هێندەى ئەوان موچە وەردەگرن".
موسەننا ئەمین، جەختیلەوەشکردەوە، لایەنە سیاسییەکانی ناو پەرلەمانی عێراق ئامادە نەبوون بە هیچ شێوەیەک نەرمی بەرانبەر شاندەکەی حکومەتى هەرێمی کوردستان نیشان بدەن، داوایانکردووە هەولێر شەفافتر بێت لە پرسی داهات و ڕادەستکردنی نەوت".
ئەوەشی خستەڕوو "داوا کراوە حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندی یاسای کارگێڕیی دارایی بەغدا بێت کە تێیدا بە ئاشکرا باس لەوە کراوە، داهاتەکانی وەکو نەوت و غاز، داهاتی فیدراڵین و دەبێت لەژێر چاودێریی دیوانی چاودێریی دارایی و وەزارەتی دارایدا بن".
ئێوارەی ئەمڕۆ ( چوارشەممە، 16ی کانوونی یەکەمی 2020) قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان چووە پەرلەمانی عێراق بۆ پێدانی رونکردنەوە بە پەرلەمانتارانی عێراق لەبارەی گفتوگۆکانی نێوان بەغدا و هەولێر.