ناس کورد-
سەربەست لەزگین، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، هێزەکانی یەپەگە گروپێکی چەکدارییان ناردووە بۆ هەرێمی کوردستان تاوەکو گورز لە هێزەکانی پێشمەرگە بوەشێنێت بەڵام ڕووبەڕووی ئەو هێزە بوونەتەوە و بە ناچاری گەڕاونەتەوە دواوەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
سەربەست لەزگین لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا کە "ناس کورد" بینیویەتی (16ی کانونی یەکەمی 2020) دەڵێت، "شەوی ڕابردوو زیاتر لە 50 چەکداری یەپەکە لە سوریاوە هاتوون بۆ هەرێمی کوردستان تاوەکو شەری پێشمەرگەی کوردستان بکەن، پێشمەرگەش ناچار بووە ڕووبەڕووی ئەو چەکدارانە ببنەوە و بە ناچاری و شەرمەزارییەوە ئەو چەکدارانە گەڕاونەتەوە بۆ خاکی سوریا."
ڕاشیگەیاند کە "دوای چەند کاژێرێک دیارە هێزێکی یەپەگە لەنێو سوریا خۆیان رێکخست و لە کاژێر 4ی بەرەبەیان هێرشی سەر خاڵێکی پێشمەرگەیان کرد، هێرشێکی دڕندانە بە هەموو چەکێکی گران، بیکەیسی و 22 ملیم و دۆشکەو ئارپیجی، زیاتر لە کاتژمێر و نیوێکیش شەڕەکە بەردەوامبوو، پێشمەرگەکانی ئێمە لەو خاڵە ناچاربوون بەرگری لە خۆیان بکەن. ئەوانیش هەوڵیاندا دەستە بەسەر ئەو خاڵەدا بگرن و هێرشی بکەنە سەر، بەڵام لە ئەنجامدا نەیانتوانی بە ئامانجەکەیان بگەن و بە شکشسخواردن گەڕانەوە نێو سنووری سوریا".
بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە هۆشداری دەداتە هێزەکانی یەپەگە و پەکەکە و دەڵێت، "ئەمە دوایین جار بێت ڕووداوی هاوشێوە ڕووبدات"، داواش لە "هاوپەیمانان دەکات لەسەر ئەو ڕووداوە بێنە دەنگ."
باسی لەوەشکردووە، "ڕێگەنادەین هیچ گروپێکی چەکداری بە نایاسایی بێتە ناو خاکی هەرێمی کوردستان."
لەبارەى مەبەستی ئەو هێزەی یەپەگە، سەربەست لەزگین وتی، "ئێمە نازانین ئەو چەکدارانە کێن و هۆکاری ومەرامی ئەوان چییە، بەڵام ئەرکی ئێمەیە ڕێگری لە هاتنی ئەو جۆرە چەکدارە نائاساییەکان بگرین."
باسی لەوەشکرد، "شێوازی هاتنی هێزەکە دیارە کە مەرامێکی خراپیان هەبووە لە هەرێمی کورستان، چونکە ئێمە کەناڵی یاساییمان هەیە و دەبێت هەموو شتێک لەڕێگەی دانوستانەوە بێت."