گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

باسی قاسم سولەیمانی دەکات

نوێنەری هەرێم لە تاران: سەرجەم حزبە کوردییەکان پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێران هەیە

2020.12.15 - 20:19
App store icon Play store icon Play store icon
نوێنەری هەرێم لە تاران: سەرجەم حزبە کوردییەکان پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێران هەیە

ناس کورد-

نوێنەری حکومەتی هەرێم لە تاران ڕایگەیاند، لە ڕابردوودا لەڕێگەی قاسم سولەیمانییەوە پارتی و یەکێتی و سەرجەم لایەنە کوردییەکان پەیوەندییان لەگەڵ ئێران-دا هەبووە و ئەو پەیوەندییانە ئێستاش بەردەوامن، دەشڵێت، لەشەوی هەڕەشەکانی داعش بۆ چوونە هەولێر، سولەیمانی یەکەم کەس بووە هاوکاری هەرێمی کوردستانی کردووە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

نازم دەباغ، نوێنەری حکومەتی هەرێم لە تاران، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی میهر (سێشەممە 15ی کانوونی یەکەمی 2020) ڕایگەیاند، "هەمیشە لە قۆناغە سەختەکان، کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕێگای فەرماندەیی هێزی قودس و قەرارگای ڕەمەزان کە دیارە جەنابی حاجی قاسم بەرپرس بووە لەو فەرماندەییە و هاوکار و یارمەتیدەر بووە بۆ ئۆپۆزسیۆنی عێراقی (سەردەمی سەدام) و هەروەها لایەنە سیاسییەکانی کورد، لە شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش لە عێراق بە تایبەت لە ناوچەکان ئامرلی و سنجار(شنگال) حاجی قاسم و ڕاوێژکارەکانی ڕۆڵی گرینگیان نواند، بە بەشداریی کردن و سەرپەرەشتی کردنی ڕاستەوخۆی ئەو تیپە و هەروەها ناردنی چەک و تەقەمەنی پێویست بۆ شکاندنی داعش."

 

ئاماژەی بەوەشكردووە، "لایەنە سیاسییەکانی کورد لەوانە پارتی، یەکێتی، بزووتنەوەی ئیسلامی، سوشیالیست، کۆمەڵ و یەکگرتووی ئیسلامی ئەوانە هەموو پەیوەندییان هەبووە لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران  و ئەو کەناڵەی کە دەبوایە بەرپرس بێت لەو پەیوەندیە، قەرارگەی ڕەمەزان بوو بە سەرپەرەشتی فەرماندەیی قودس و حاجی قاسم و تا ئێستاکەشی لە گەڵ بێت، ئەو پەیوەندییە لە نێوان ئێران و لایەنە سیاسییەکانی کوردی عێراق نەپچڕاوە ولە ئاستێکی باشدایە و بەردەوامە."

 

نوێنەری حکومەتی هەرێم لە تاران باسی لەوەشکردووە، "حاجی قاسم لە هەموو قۆناغەکاندا، هەوڵی داوە هێزی پێشمەرگە بەهێز و ڕێکخراو بێت، بۆ ئەوەی بتوانن شەڕی داعش بکەن و پێش داعشیش هەر بەو شێوە کە ئێمە شەڕی سەددام حسێن و لەشکرەکەی ئەومان دەکرد، هەڵوێست و ڕای وا بوو کە هێزی پێشمەرگە دەبێ هێزێکی پتەو بێت."

 

نازم دەباغ جەختیشیکردووەتەوە، " کاتێک کە داعش پەلاماری ناوچەی هەرێمی کوردستان و هەولێری دا بە دڵنیاییەوە- من بەرپرسم لەم قسەیەی کە دەیکەم، لە لایەن بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەسبەجێ پەیوەندی بە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە کرا، دەسبەجێ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە دەنگ ئەو داخوازییەی هەرێمی کوردستان و جەنابی کاک مەسعود و جەنابی کاک نێچیرڤانەوە چوون و هەر بەو شەوە فڕۆکەی چەک و تەقەمەنیان ناردە هەرێمی کوردستان و چەندین ڕاوێژکاریشیان نارد بۆ بەشداریی کردن و هاوکاری هێزی پێشمەرگە و ئەوە بوو کە داعش شکستی هێنا، دیارە هەرێمی کوردستان پەیوەندی بە زۆر لایەنەوە کرد، بەڵام یەکەم هاوکاری و یارمەتی کە گەیشتە هەرێمی کوردستان هاوکاری یارمەتی کۆماری ئیسلامی ئێران و دیارە بە فەرمان و پشتیوانی جەنابی حاجی قاسم سلێمانی بوو."

 

نوێنەری حکومەتی هەرێم دەگێڕێتەوە، "دیارە بە پێی پێویست حاجی قاسم کە دەهاتە هەرێمی کوردستان لەگەڵ لایەنەکان و هێزی پێشمەرگە دیداری دەکرد، بەلام زۆربەی کات لە هەولێرەوە دەستیپێدەکرد و لە گەڵ پارتی و یەکێتی و لایەنەکانی دیکەش دیدار و گفتوگۆی دەکرد، ئەو پیاوە زۆر پیاوێکی ئازا بوو و چاو نەترس بوو و لە زۆرینەی بەرەکانی شەڕدا دیتراوە و پێشمەرگە و ئەو هێزانەی لە گەڵی هێرشیان بۆ سەر داعش بردووە لە وێنەکاندا هەیە و نیشان دەدات کە حاجی قاسم هەمیشە لەو شوێنە بووە کە پێویست بووە نەک لای ئەو کەسانە بوو کە ویستبێتی."