گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیارى زیاتر

هەڵکشان و داکشانى خێراى نرخى دۆلار بەردەوامە

2020.12.15 - 10:31
App store icon Play store icon Play store icon
هەڵکشان و داکشانى خێراى نرخى دۆلار بەردەوامە

ناس کورد-

نرخى دۆلار لە بازاڕەکانى هەرێمى کوردستان لە هەڵکشان و داکشانى خێرا بەردەوامە، دواى ئەوەى دوێنێ نرخەکەى بۆ ئاستێکى پێوانەیی بەرزبووەوە.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

نرخى 100 دۆلار بەیانى ئەمڕۆ (15ی کانوونی یەکەمی 2020) لەکاتى کردنەوەى بازاڕدا بە 128 هەزار و 250 دینار مامەڵەى پێوەکرا، دواتر بۆ 128 هەزار دینار دابەزى و پاشان سەرکەوتەوە بۆ 128 هەزار و 500 دینار، پێش ئەوەى لە 128 هەزار و 250 دیناردا جێگیربێت.

 

بەهاى دینارى عێراقى بەرانبەر دۆلار دوێنێ بەشێوەیەکى بەرچاو داکشا و بۆ ماوەیەکى کورت نرخى 100 دۆلار گەیشتە 130 هەزار دینار، کە بەرزترین نرخە لەماوەى زیاتر لە حەوت ساڵدا.  

 

د.هومام شەماع، ئابوریناسی عێراقی لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ" ناس کورد" ( 14ی کانوونی یەکەمی 2020) ڕایگەیاند "ئەوەی وایکردووە نرخی دۆلار لەبازاردا بەرزبێتەوە بەشێوەیەکی گشتی، تەنها پێشبینی خەڵکە بۆ دابەزینی نرخی دینار کە ئەوەش وایکردووە خواست لەسەر کڕینی دۆلار زیاد بکات".  

  

ڕونیشیکردەوە، "پێشبینیەکانی خەڵک لەسەر داوایەکی پێشووی وەزارەتی دارایی بنیادنراوە کە داوایکردبوو نرخی دینار کەمبکرێتەوە بەرامبەر بە دۆلار کە تائێستا نەبووە بە فەرمی، بۆ ئەوەی لەکاتی فرۆشتنی دۆلار بە بانکی ناوەندی ڕێژەیەکی زۆرتری دیناری دەستبکەوێت".  

  

بەوتەی ئابوریناسە عێراقییەکە، لە ئێستادا ململانێیەکی شاراوە لە نێوان وەزارەتی دارایی عێراق و بانکی ناوەندیدا هەیە، "وەزارەتی دارایی سورە لە سەر کەمکردنەوەی بەهای دینار و بانکی ناوەندیش بەردەوامە لەسەر پاڵپشتیکردنی نرخی دینار بەرامبەر بەدۆلار، بۆیە لە ئێستادا بانکی ناوەندی ڕۆژانە زیاتر لە  150ملیۆن دۆلار دەخاتە بازارەوە".  

 

شەماع پێیوایە ئەستەمە لە ئایندەیەکی نزیکدا بەهای دینار بگەڕێتەوە دۆخی پێشووی، پێشبینی دەکات تا کۆتایی ساڵی 2021 بەهای 100 دۆلاری ئەمەریکی بەرامبەر بە 200 هەزار دیناری عێراقی مامەڵەی پێوە بکرێت.  

  

دەشڵێت، دابەزینی بەهای دینار لە ماوەی داهاتوودا کاریگەرییە نەرێنییەکانی بۆ سەر بژێوی ژیانی هاووڵاتیانی عێراق دەردەکەوێت، پێشبینی دەکرێت نرخی کاڵا و شمەکە بەکاربەرەکان لەگەڵ دابەزینی بەهای دۆلار بەگشتی لە 10%دا بەرزبێتەوە، قەیرانی دارایی عێراق و دواکەوتنی موچە زیاتر دۆخی ئابوریی و گوزەرانی خەڵک سەختتر بێت.