گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

کاتى و درێژمەودا

بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار گرانى دەهێنێت؟

2020.12.14 - 23:03
App store icon Play store icon Play store icon
بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار گرانى دەهێنێت؟

ناس کورد- 

سەرۆکی یەکێتی هاوردەو ناردنکارانى هەرێم رایگەیاند، ئەگەر بەرزبوونەوەى نرخى دۆلار بەرانبەر دینار ماوەیەکى درێژ بخایەنێت دەبێتە هۆى بەرزبوونەوەى نرخى شتومەک.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

مستەفا عەبدولڕەحمان (14ی کانونی یەکەمی 2020) بە "ناس کورد"ی راگەیاند "بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار ئەگەر بۆ چەند رۆژێکی کەمبێت کاریگەری لەسەر گرانبوونی شتومەک نابێت، بەڵام ئەگەر ئەو بەرزبوونەوەیە تاوەکو هەفتەیەک بەردەوامی هەبێت ئەوکات بازرگانەکان بە پارەیەکی زیاتر کاڵایان دەست دەکەوێت و ئەوەش دەبێتە هۆکاری گرانبوونی شتومەک لە بازاڕەکان".

 

وتیشى، "بەبۆچوونی ئێمە ئەوەی ئێستا هەیە لەبارەی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار کاتییە و رەنگە سیاسەتی بانکی ناوەندی و حکومەتی عێراق بێت و دواتر نرخەکەی دابەزین بەخۆوە ببینێت".

 

بەهاى دینارى عێراقى بەرانبەر دۆلار ئەمڕۆ بەشێوەیەکى بەرچاو داکشا و بۆماوەیەکى کورت نرخى 100 دۆلار گەیشتە 130 هەزار دینار، کە بەرزترین نرخە لەماوەى زیاتر لە حەوت ساڵدا.

 

د.هومام شەماع، ئابوریناسی عێراقی لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ" ناس کورد" ( 14ی کانوونی یەکەمی 2020) ڕایگەیاند، "ئەوەی وایکردووە نرخی دۆلار لەبازاردا بەرزبێتەوە بەشێوەیەکی گشتی، تەنها پێشبینی خەڵکە بۆ دابەزینی نرخی دینار کە ئەوەش وایکردووە خواست لەسەر کڕینی دۆلار زیاد بکات".



ڕونیشیکردەوە، "پێشبینیەکانی خەڵک لەسەر داوایەکی پێشووی وەزارەتی دارایی بنیادنراوە کە داوایکردبوو نرخی دینار کەمبکرێتەوە بەرامبەر بە دۆلار کە تائێستا نەبووە بە فەرمی، بۆ ئەوەی لەکاتی فرۆشتنی دۆلار بە بانکی ناوەندی ڕێژەیەکی زۆرتری دیناری دەستبکەوێت".


بەوتەی ئابوریناسە عێراقییەکە، لە ئێستادا ململانێیەکی شاراوە لە نێوان وەزارەتی دارایی عێراق و بانکی ناوەندیدا هەیە، "وەزارەتی دارایی سورە لە سەر کەمکردنەوەی بەهای دینار و بانکی ناوەندیش بەردەوامە لەسەر پاڵپشتیکردنی نرخی دینار بەرامبەر بەدۆلار، بۆیە لە ئێستادا بانکی ناوەندی ڕۆژانە زیاتر 150ملیۆن دۆلار دەخاتە بازارەوە".

 

شەماع پێیوایە ئەستەمە لە ئایندەیەکی نزیکدا بەهای دینار بگەڕێتەوە دۆخی پێشووی، پێشبینی دەکات تا کۆتایی ساڵی 2021 بەهای 100 دۆلاری ئەمەریکی بەرامبەر بە 200 هەزاردیناری عێراقی مامەڵەی پێوە بکرێت.



دەشڵێت، دابەزینی بەهای دینار لە ماوەی داهاتوودا کاریگەرییە نەرێنییەکانی بۆ سەر بژێوی ژیانی هاووڵاتیانی عێراق دەردەکەوێت، پێشبینی دەکرێت نرخی کاڵا و شمەکە بەکاربەرەکان لەگەڵ دابەزینی بەهای دۆلار بەگشتی لە 10%دا بەرزبێتەوە، قەیرانی دارایی عێراق و دواکەوتنی موچە زیاتردۆخی ئابوریی وگوزەرانی خەڵک سەختتر بێت.