گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’نەگەڕانەوە تا ڕێککەوتن’’

ناوەڕۆکی 46 کاتژمێر دانوستانی چڕی نێوان هەرێم و بەغدا

2020.12.14 - 22:09
App store icon Play store icon Play store icon
ناوەڕۆکی 46 کاتژمێر دانوستانی چڕی نێوان هەرێم و بەغدا

ناس کورد-

دەیان کاتژمێر دانوستانى چڕ و پڕ، هەرێم و بەغداى نەگەیاندە رێککەوتنێکى یەکلاکەرەوە لەسەر نەوت و بودجە، بەڵام بەوتەى سێ سەرچاوەى ئاگادار هێشتا هیوا ماوە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لە دوو رۆژى داهاتوودا.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەپێی سەرچاوە جیاجیاكانی "ناس كورد" لە بەغدا، شاندی حكومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی لە ماوەی پێنج ڕۆژدا زیاتر لە 46 كاتژمێر كۆبوونەوەی لەگەڵ شاندە حكومی و پەرلەمانی و سیاسی و دیپلۆماسییەکان لە بەغدا ئەنجامداوە و تێیدا سەرباری ئەوەی هێڵێكی گشتیی بۆ ڕێككەوتن گەڵاڵە كراوە، لە وردەكاری و ناوەڕۆكدا هێشتا مشتومڕ و كێشمەكێشی جۆراوجۆری تێدا ماوە.

 

ڕادەستكردنی نەوت

سەرچاوەكانی "ناس" ئاماژە بەوە دەكەن، شاندی حكومەتی هەرێم بەچەند جۆرێك چوونەتەپێش بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكانی بەغدا، لەم میانەیەشدا ئامادەییان دەربڕیوە بۆ ئەوەی بڕی دیاریكراوی نەوت و نیوەی داهاتە گومرگییەكان ڕادەستی حكومەتی فیدراڵی بكەن، بەڵام لایەنە سیاسییە عێراقییەكان، ڕەوتی دانوستانەكانیان بە ئاڕاستەیەكی تردا بردووە كە خستنەڕووی داواكاری نوێیە، ئەمەش هەندێكجار ڕەوتی دانوستانەكانی بە ئاڕاستەیەكی تردا بردوە و چەند هەنگاوێك بردوویەتییە دواوە.

 

سێ سەرچاوەی ئاگادار لە دانوستانەکان بە ناس کوردیان وت، "پاش ئامادەیی دەربڕینی شاندی حكومەتی هەرێم بۆ پابەندبوون بە ناوەڕۆكی مادەی حەوتی لە یاسای قەرز، جۆرێك شۆك لەناو شاندەكانی فیدراڵیدا دروست بووە، چونكە شاندی هەرێم ئامادەیی دەربڕیوە نەك بەهای نەوت "أقیام النفط"، بەڵكو نەوتەكەش ڕادەستی بەغدا بكەن بەمەرجی مسۆگەركردنی شایستە داراییەكان و دابینكردنی موچەی فەرمانبەرانی كوردستان، بەڵام بۆ ئەم پێشنیازە هیچ بڕ و ژمارەیەكیان لەلایەنە فەرمی و پەیوەندیدارەكانەوە وەرنەگرتووە ئاخۆ پشكیان چەند دەبێت ئەگەر هات و نەوتیان ڕادەستی بەغدا كرد. 

 

هەژموومی شەقام بەسەر دانوستانەكان

زانیارییەكان ئەوەش دەخەنەڕوو لە هەندێك گەڕی دانیشتندا بە ڕاشكاوی بە شاندی حكومەتی هەرێم وتراوە، هەڵبژاردنی پێشوەختە لە پێشە و شەقامێك دروستكراوە لە ناوەڕاست و باشور كە بارگاوییە بە دژایەتی هەرێم، هەركەس و لایەنێكیش زۆرترین پێداگری بكات لە دژی بەشە بودجەی هەرێم ئەوە زۆرترین دەنگ بەدەست دەهێنێت و ئەوان ناتوانن ئەو هەژموونەی سۆشیال میدیا و شەقام و پۆپۆلیزم تێپەڕێنن و ناچارن بەدڵی ئەوان بكەن تا ئەوەی لەخەمی جێبەجێكردنی یاسا و شەراكەت و رێككەوتنەكاندا بن.

 

لەم میانەیەشدا پەرلەمانتارێكی یەكێك لە لیستە سیاسییە شیعییەكان كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت ڕایگەیاند، "هەرچەندە داواكارییەكانی هەرێم ڕەواش بێت، پشتگیریلێكردنی مومكین نییە لەكاتێكدا ئێمە بەنیازی خۆ كاندیدكردنەوەین". 

 

هەر بەپێی زانیاری ناو كۆبوونەوەكان لە دانوستانەكاندا باس لەوكراوە وێنەیەكی وەها لە شەقامی عێراقیدا هەیە كە هەرێم سەرەخۆرەی داهاتی عێراقە و هۆكاری داڕمانی ژێرخانی شارەكانی باشور و ناوەڕاستە، قوباد تاڵەبانی بەوە وەڵامی داوەتەوە لە دوای 2014 كە بەشە بودجەی هەرێم بڕدراوە، بۆچی لەماوە چوار بۆ شەش ساڵدا خزمەت بە شارەكانی عێراق نەكراوە، بەتایبەت پارێزگا بەرهەمهێنەرەكانی نەوتی وەك بەسرەو میسان.

 

ئەوەشی وتووە، بەپێی سەرچاوەکان، لەمساڵدا تەنها پێنج بەشە بودجە دراوە بەهەرێم، ئەی بۆ شەقامێک لەشارێکی عێراق دروست نەکراوە؟ بەڵام لایەنە دانوستانكارەكان وتوویانە بەم دەست و دەمە ئەو وێنەیە ڕاست ناكرێتەوە بۆمان و ناچارین ئێستاش هەروا لەگەڵیدا بڕۆین. 

 

هەر بەپێی زانیارییەكانی ناس لە تەوەرێكیتری دانوستانەكان باس كراوە چارەسەری پرسی هەرێم و بەغدا لەدەستی  لایەنی جێبەجێكار و حكومەتی عێراقدا نەماوە كە دەسەڵاتی جێبەجێكردنە و لەماوەی پێشوودا لە سەرۆكایەتی كۆمار و لە سەرۆكایەتی وەزیرانیش هەوڵی چارەسەركردنیان داوە، بەڵكو لای پەڕلەمانە كە متمانەی بەخشین و لێ وەرگرتنەوەی لە حكومەت بەدەستە. 

 

هەندێكیتر لە چاودێرانی دانوستان باس لەوە دەكەن لە پەرلەمانیش وتراوە، بڕیار لای شەقامە و لەدەستی ئەو پەرلەمانتارانەش نەماوە كە چاوەڕێی دەنگی خەڵكن بۆ ئەوەی جارێكیتر بگەڕێنەوە بۆ سەر كورسییەكانیان. لەوەڵامی ئەم قسانەش، شاندی هەرێم بە بەغدای وتوە، "ئێرە چۆڵناکەین تا ئەم کێشەیە چارەسەر نەکەن".

 

یاسای پڕكردنەوەی دارایی

لە میانەی كۆبوونەوەكان بە شاندی حكومەتی هەرێم وتراوە یاسای پڕكردنەوەی كورتهێنان هەرێم ناگرێتەوە و كاری پێ ناكرێت، دواتر وتوویانە فیدراڵییە و هەموو عێراق دەگرێتەوە، كاتێكیش شاندی حكومەتی هەرێم ئامادەیی دەربڕیوە بۆ پابەندبوون، جێبەجێكردنەكەی لەنێوان كۆمپانیای سۆمۆ، ئەمیندارێتی ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی كەوتووەتە گێژاوەوە و لەم كاتەشدا لە پەرلەمانەوە لێدوان و پەیامی هەڕەشە ئامێزی جۆراوجۆر بۆ حكومەتی عێراق نێردراوە كە هەر ڕێككەوتنێك لەگەڵ هەرێم ئەگەر بەپێی بەندوباوەكانی پەرلەمان نەبێت ئەوە بەتاڵە یان بەر لێپرسینەوە دەكەوێت بەتایبەت ئەو هەڕەیەش لە دەقی مادەی حەوت یاساكەدا پێشتر جێگیر كراوە.

 

دوا وێستگە

شاندی هەرێم كە جێگری سەرۆك وەزیران سەرۆكایەتی دەكات، بە ئاشكرا و بەنهێنی ڕایگەیاندووە، سوورە لەسەر ئەوەی تا كێشەكان بەلایەكدا نەخات نەگەرێتەوە بۆ كوردستان، لەم میانەیەشدا چەندجارێك ئەوەی بیری شاندە فیدراڵییەكان هێناوەتەوە موچەی بەغدا تا ئێستا نەوەستاوە، لە كاتێكدا لەكۆی ئەمساڵ (2020) پێنج بڕە پارە هەواڵەی هەرێمی كوردستان كراوە و حكومەتی هەرێمیش شەش موچەی پێ دابەش كراوە.

 

هەروەها لەپاش دەربڕینی پابەندی بەناوەڕۆكی یاسای قەرز لەسەر چوارچێوەیەكی گشتی رێككەوتوون كە جێبەجێكردنی یاساكەیە، بەڵام لەسەر میكانیزم و چۆنیەتییەكەی هێشتا كێشمەكێش و دانوستان و گفتوگۆیتر لە پێشن و لەكاتی زاڵبوون بەسەر ئەوانەدا رێگە خۆش دەبێت بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەكانی ناو بودجەی 2021، بەپێی جۆری گفتوگۆکان و پێداگرییەکانی شاندی حکومەتی هەرێم بێت، دەبێت لەم دوو رۆژەدا ئیمزای رێککەوتنێك لەوبارەیەوە بكرێت.